تەقینەوەکانی ئێران 400 کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە

دوو دیمەنی دوای تەقینەوەکەوەکانی نزیک مەزارگەی سولەیمانی
دوو دیمەنی دوای تەقینەوەکەوەکانی نزیک مەزارگەی سولەیمانی

K24 - هەولێر

تەقینەوەکانی شاری کرمانی ئێران، نزیک 400 کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە و، بارودۆخی تەندروستیی بەشێک لە برینداران "ناجێگیرە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024، ئاژانسی تەسنیمی ئێران لەسەر زاری سەرۆکی فریاکەوتنی شاری کرمان رایگەیاند، بە هۆی دوو تەقینەوەی دوێنێ لە ڕێوڕەسمی یادی کوژرانی قاسم سلێمانی، 95 هاووڵاتی کوژراون و لانیکەم 284 کەسیش بریندار بوون.

سەرۆکی فریاکەوتنی شاری کرمان ئاماژەی بەوەش کرد، 220 کەس لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە ژمارەیەکیان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە. 

سەرۆکی بەشێ ڕووداوەکانی زانکۆی پزیشکیی کرمان ڕایگەیاندووە؛ بە هۆی ئەوەی بەشێک لە تەرمەکان پارچەپارچە ببوون چەند جار ئەژمار کراون هەر بۆیە ژمارەی کوژراوەکان لە ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لەم  ژمارەیەی ئەمڕۆ ڕاگەیاندرابوو.

بە هۆی تەقینەوەکانی دوێنێ چوارشەممە و ژمارەی زۆری قوربانییەکان، ئەمڕۆ لە سەرتاسەری ئێران، ماتەمینی گشتی ڕاگەیاندراوە.

پێشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، 03-01-2024، دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە نزیک مەزارگەی قاسم سولەیمانی، لە شاری کرمانی ئێران روویاندا. بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، هێرشەکە "تیرۆریستی بووە، تیرۆریستێک دوو بۆمبی لەنێو جانتایەک داناوە و لە رێوڕەسمەکەدا تەقاندوونەتەوە".

Fly Erbil Advertisment