بڕیارێکی سەرۆکی حکومەت بۆ رەخساندنی هەلی کار دەکەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
قایمقامی قوشتەپە: هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی قایمقامیەتەوە سیڤییەکان ئاڕاستەی کۆمپانیاکان بکەن

K24 – هەولێر
بڕیارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی رەخساندنی هەلی کار لە کارگە و کۆمپانیاکان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، قایمقامی قوشتەپە رایگەیاند: هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی قایمقامیەتەوە سیڤییەکان ئاڕاستەی کۆمپانیاکان بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە،4ـی کانوونی دووەمی 2024، بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە، بە کوردستان24ی گوت: "لە سەرەتای ساڵی نوێوە لەسەر راسپاردەی پارێزگاری هەولێر، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو سوودمەند بوونی خەڵکی کوردستان، لە کارگە و کۆمپانیاکان ئەو شوێنانەی کە هەلی کاریان هەیە، بۆ هاووڵاتییان، لە هەوڵداین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە".
گوتیشی: "ئێمە لە سنووری قوشتەپە لەگەڵ خاوەنکار و ژمارەیەک لە یەکەکانی کارگێڕی لە سنوورەکە، کە پەیوەستن بە ئیش و کاری ئەوان، لە رۆژی دووەمی ئەم کۆبوونەوەیە قسە لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە و دۆزینەوەی میکانیزمێک دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بڕیارەکە بە هەموو شێوەیەک وەکو خۆی جێبەجێبکەین، وەک هەموو بڕیارەکانی دیکەی سەرۆکوەزیران بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان".
قایمقامی قوشتەپە راشیگەیاند: "ئەرکی ئێمە لە قەزا و یەکە کارگێڕییەکان بەپێی داواکاری و پێویستی خەڵکی هەوڵبدەین کار ئاسانی تەواو بۆ هاووڵاتییان بکەین، تاکو لە داهاتوودا گلەییان نەبێت، خۆشمان لە نزیکەوە سەردانی بەشێک لە هاووڵاتییانمان کردووە".
دەشڵێت: "دوێنێ لە یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ خاوەنکارەکان رامانگەیاند، لە رێگەی قایمقامیەتەوە هاووڵاتییان سیڤییەکان ئاڕاستەی کۆمپانیاکان بکەن، ئەم پڕۆسەش بەردەوامی دەبێت، بڕیاری سەرۆکوەزیرانە و دەبێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت".