موزەفەر سابیر: دەبێت هەموو پارێزگاکانی هەرێم پابەندی هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون بن

موزەفەر سابیر بایز، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر
موزەفەر سابیر بایز، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر

K24 – هەولێر:

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، 10 نان و سەموون کە نابێت کێشیان لە 90 گرام کەمتر بێت، بە هەزار دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت، لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، گوتی: دەبێت هەموو پارێزگاکانی هەرێم پابەندی هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون بن.

موزەفەر سابیر بایز، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیاری هەرزانکردنی نان و سەموون لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، ئاراستەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بازرگانی کراوە، بەپێی بڕیارەکە پێویستە 10 نان یان سەموون بە هەزار دینار بفرۆشرێت.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، راشیگەیاند؛ بڕیارەی هەرزانکردنی نان و سەموون لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە دەبێت هەموو نانەوخانە و سەموونخانەکانی هەرێمی کوردستان پێوەی پابەند بن، لە بەرامبەردا هەندێك ئاسانکاری کراوە بۆ سەموونخانە و نانەوخانەکان ئەویش کەمکردنەوەی کرێی کارەبایە بە رێژەی 55% کە لە ئێستادا چووەتە بواری جێبەجێکردن.

موزەفەر سابیر بایز، دەڵێت: کاری تەواو جیددی کراوە و چەندین نووسراو ئاراستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش کراوە کە بۆ لەمەودوا غازیش بە نرخی پاڵپشتیکراو بدرێتە سەمونخانە و نانەوخانەکان، هەروەها دوو کۆمپانیای دروستکردنی ئاردیش لە هەولێر و سلێمانی هەن، کە ئەوانیش ئاگادارکراینەوە ئاردیش بە نرخی پاڵپشتیکراو بدەنە سەموونخانە و نانەوخانەکان.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، باسی لەوەشکرد، پێویستە هەموو نانەوخانە و سەمونخانەکان لەسەر جامخانەکانیان نرخە نوێیەکانی نان و سەموون هەڵبواسن. گوتیشی: رۆژانە لە رێگەی لیژنەکانمان بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەوەی بزانین تا چەند ئەو شوێنانە  پابەندی بڕیارەکە بوونە.

موزەفەر سابیر بایز، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەر نانەوخانە و سەموونخانەیەک پابەندی بڕیاری کەمکردنەوەی نرخەکان نەبێت ئەوا بۆ جاری یەکەم ئاگەداردەکرێنەوە، لە ئەگەری پابەندنەبوون دوای ئاگادارکردنەوە ئەوا سزای ماددی دەدرێن، ئەگەریش هەر پابەندنەبوون ئەوا شوێنەکان دادەخەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024)، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، 10 نان و سەموون کە نابێت کێشیان لە 90 گرام کەمتر بێت، بە هەزار دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت.  

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی دەرکراوە.

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، هەر نانەواخانە و سەموونخانەیەک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، رێکاری یاسایی بەرانبەری دەگیرێتەبەر و دادەخرێت.