گوته‌بێژی حكوومه‌ت باس له‌ چاره‌نووسی قوتابخانه‌كانی ره‌وتی خزمه‌ت ده‌كات

سه‌فین دزه‌یی: توركیا داوای داخستنی ئه‌و قوتابخانانه‌ی نه‌كردووه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/94d8fc7a-275e-4028-bcaf-7fee5398dbec/safen%20dzay.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

سه‌فین دزه‌یی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان, دەڵێت, قوتابخانه‌كانی جه‌ماعه‌تی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان  دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و  ده‌وامی قوتابخانه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بێ، بەڵام سیسته‌مێكی دیكە بۆ ئه‌م قوتابخانانه‌ داده‌نرێت و  له ‌لایه‌ن كه‌سانی دیكەوە‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بردرێن.

بەلای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باشترین چارەسەر بۆ ئەو قوتابخانانەی سەر بە رەوتی خزمەتن ئەوەیە بەتەواوی بخرێنە سەر وەزارەتی پەروەردە، وتەبێژی حکومەتیش دەڵێت، ھیچ قوتابخانەیەك داناخرێت، بەڵام گۆڕانکاری بەسەر شێوازی بەرێوەچوونی کارەکانیان دادەکرێت.

دوای کودەتاکەی تورکیا، حکوومەتی ئەو وڵاتە داوای لەبەشێك لە وڵاتانی جیھان کرد کە سەرجەم ئەو رێکخراو و قوتابخانانەی  سەر بە  فەتحوڵا گوڵەنن دابخەن، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمیش دەڵێت، حکوومەتی تورکیا بەفەرمی داوای لە ئێمە نەکردووە، بەڵام نیگەرانی خۆشیان نەشاردۆتەوە.

لە ھەرێمی کوردستان 20 قوتابخانە و یەك زانکۆی سەر بە رەوتی خزمه‌تی فەتحوڵڵا گولەن ھەیەو  نزیکەی سێزدە ھەزار قوتابی تێیاندا دەخوێنن, ئەگەر نەخرێنە سەر وەزارەتی پەروەردە, ئەگەری گواستنەوەیان بۆ سەر کەرتی تایبەت لە ئارادایە.