ئەحمەد ئەبیەز : هێرشی میلیشیاکان بەردەوام بێت، هێلی 36 بۆ پاراستنی کوردستان دروستدەکرێتەوە

K24 – هەولێر :
گوتەبێژی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر هێرشی میلیشیا چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراقی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، هیڵی 36 بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دروستدەکریتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە(4ی کانوونی دووەمی 2024)، ئەحمەد ئەبیەز سیاسەتمەدار و گوتەبێژی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە لە عێراق گۆڕانکاری بکرێت بۆ ئەوەی سەقامگیریی بۆ عێراق بگەڕێتەوە
ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت: میلیشیاکان کە بەو دواییە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە عێراق بە ئامانجگرت، هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستانیش ، بۆیە سوپای ئەمریکا فشار لە بایدن دەکات کە شەڕەکە فراوان نەبێت و هەر لەنێو غەززەدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەمریکا ئێستا وەڵامی میلیشیاکان دەداتەوە و ئیسرائیلیش هێرش دەکاتە حزبوڵڵا .
لەبارەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقییەوە، ئەحمەد ئەبیەز گوتی: ئەو حکومەتەی عێراق لە میلیشیاکانەوە هاتووە، تەواوی حکومەتەکانی دیکەش کاریان بۆ لاوازکردنی بڕیاری کورد لە بەغدا دەکرد، لەگەڵ زەقکردنەوەی تافیەت و بێهێزکردنی سوونەکان، دواتر دەنگی شیعەی نیشتیمانیان لاواز کرد، ئێستا میلیشیاکان وڵاتیان بەدەستەوەیە و دادوەری و پارەیان بەدەستەوەیە، کێشەکە لەو کەسەیە کە ئەمەی قەبوڵە، میلیشیاکان تەنها باوەڕیان بە بێ سەرووبەری هەیە، دەڵێت: بە گەلی عێراق رادەگەیەنم کە ئەو هێرشە سەرەتایە و هێرشی دیکەی بەدوادادێت و بارودۆخی عێراق دەکەوێتە مەترسیەوە، رەنگە تیرۆر بگەڕێتەوە و پشێوی دروستبێت، ئەمریکا بۆ لەمەودوا راویان دەکات و هێرشەکان بۆ سەریان بەردەوام دەبێت.
ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە گوتی: ئێمە بەرگریی لە پێشمەرگە دەکەین چونکە هێزێکی مێژووییە، سەرکردایەتیەکی سیاسیی و حکومی هەیە بەرێوەی دەبات، بەڵام کاتێ باسی عێراق دەکەین، بەو شیوازە نەمانبینیووە، من دەڵێم نامەوێ پێشمەرگە ببێ بە بەشێک لەو میلیشیایانەی عێراق، چونکە ئێستا هیچ پیشەگەرییەک لە سوپای عێراقیدا نییە، ناکرێ پێشمەرگە بهێندڕتە ریز ئەو میلیشیانەوە، دەشڵێت:ئەگەر میلیاشیاکان بەردەوام بن لە هێرشکردن بۆ سەر هەرێمی کوردستان، پێشنیازێک هەیە بۆ ئەوەی هێڵی 36 بگەڕێتەوە و هەرێمی کوردستان لەلایەن هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی بپارێزرێت.