بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر: کابینەی نۆیەم پڕۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی فراوان کرد

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، کابینەی نۆیەم پەرەی بە پڕۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی داوە و ئێستا لە زۆرینەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان بەڕێوەبەرایەتییان هەیە.

ئەمڕۆ شەممە، 06-01-2024، حەکیم محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پێشتر تەنها لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتیمان هەبوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەم پەرە بە پڕۆسەکە درا؛ ئێستا لە زرۆینەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیە و، بە گوێرەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کارەکانیان دەکەن".

دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ 144 هەزار و 930 کرێکار کراوە

تاوەکو ئێستا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ 144 هەزار و 930 کرێکار کردووە. حەکیم محەممەد گوتی، "کابینەی نۆیەم بەردەوام هەوڵی داوە پڕۆسەکە فراوانتر بکات و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ زۆرترین کرێکار دابین بکات".

بە گوتەی حەکیم محەممەد، "لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە ساڵی 2021ـەوە، نزیکەش شەش هەزار و 500 پڕۆژەی نوێ دەستەبەری کراون. پڕۆژە هەیە لەوانەیە کرێکارێک تێیدا کاربکات و پڕۆژەش هەیە لەوانەیە 150 کرێکار تێیدا کاربکات".

دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کامە کرێکار دەکرێت؟

بە گوێرەی ئەو یاسایەی لە هەرێمی کوردستان بەرکارە؛ پێویستە کرێکارەکە خاوەن کاری هەبێت و لە پڕۆژەیەک کار بکات تاوەکو دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ بکرێت. ئەوانەی کرێکاری رۆژانەن یان لەسەر شەقامەکان کاردەکەن؛ بە گوێرەی یاساکە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بێبەش دەبن.

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، "پڕۆژەیاسایەک بە ناوی 'دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان' لە ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، قۆناغی باشی بڕیوە و لەوێ چارەسەری زۆرینەی ئەو بابەتانە کراوە".

سەدا دوو سزای دواکەوتنی هەر مانگێکە

لە پرۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا، 5%ـی مووچەی کرێکار و 12%ـی داهاتی خاوەن پرۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنەشینی و دوای ئەوەی کرێکار گەیشتە خانەنشینبوون، خانەنشینییەکەی پێدەدرێت.

حەکیم محەممەد ئاماژەی بەوەش دا، "دانی بەشدارییەکە کراوەتە مانگانە چونکە کارتی تایبەت بەردەوامی تێدا نییە. هاوکات ئەگەر ژمارەیەک کرێکار لە پڕۆژەیەک نەمان، پێویستە خاوەن کارەکە بێت و ناوی ئەو کرێکارانەی رۆیشتوون بسڕێتەوە و ناوی کرێکارە نوێیەکان تۆمار بکات. سزای دواکەوتنی بەشداریکردنی هەر خاوەن کارێکیش، بۆ هەر مانگێک سەدا دووی داهاتی مانگانەیەتی".

کەی خزمەتی کرێکار لەبەرچاو ناگیرێت؟

بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987. بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە، بۆ ئافرەتانیش 15 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە، بەوەش تاوەکو ئێستا 880 کەس خانەنشینی وەردەگرن.

بەگوێرەی ئاماری سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی خۆپارێزی و پابەندنەبوونی کرێکارەکان لە کاتی کارکردن، ئەمساڵ زیاتر لە 40 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە.

وەکو ئەوەی  حەکیم محەممەد  باسی کرد، بە گوێرەی یاسای بەرکار؛ ئەو کرێکارانەی بۆ ماوەی چەند مانگێک بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان کردووە و دواتر لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە؛ ماوەی خزمەتکردنی لەبەرچاو ناگیرێت و کەسوکارەکەی دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دەستبەری کۆمەڵایەتی بکەن و مامەڵەی خانەنشینی دەستپێبکەن.

لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکان دادگامان هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر روونیشیکردەوە، لیژنەی پشکنینیان هەیە بەردەوام سەردانی پڕۆژەکان دەکەن. لیژنەکە لە سێ ئەندام پێکهاتووە: نوێنەرێکی وەزارەتی کار، نوێنەرێکی سەندیکای کرێکاران و نوێنەرێکی ژوورە بازرگانییەکانیش. وەکو خۆی گوتی، "لیژنەکان بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کرێکاران هەیە و بۆ دەستەبەرکردنی زۆرترین دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران؛ سەردانی پڕۆژەکان دەکەن".

حەکیم محەممەد  ئەوەشی خستەڕوو، "لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکان دادگای کار هەیە. هەر کێشە و کەموکورتییەک لەلایەن خاوەن کارەوە هەبێت یان جێبەجێنەکردنێکی یاسایی هەبێت، لیژنەی پشکنین راپۆرتەکەی پێشکەشی دادگا دەکات و دواتر دۆسیەکە یەکلادەکرێتەوە".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان گەرمەهێڵی پەیوەندیی ژمارە 5500ـی بۆ کرێکاران داناوە، تا گەر کێشەیەکیان لە کاردا بۆ دروست بوو، پەیوەندی بکەن و لێپرسینەوە بکرێت و دۆسیەکەیان رەوانەی دادگاکانی کار بکرێت.


بە ڤیدیۆ؛ بەشداریی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24

Fly Erbil Advertisment