بایدن و ترەمپ بانگەشەی هەڵبژاردنیان بە هێرشکردنەسەر یەکتر دەستپێکرد
سێ ساڵ بەسەر هێرشی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر كۆنگرێسی ئەمەریكا تێپەڕدەبێت

K24 – هەولێر:
سێ ساڵ بەسەر هێرشی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر كۆنگرێسی ئەمەریكادا تێپەڕدەبێت. ترەمپ و بایدن پێكەوە هەریەكەو لە ویلایەتێك دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كرد. بایدن هێرشەكانی سەر كۆنگرێسی كردوونەتە كەرەستەی بانگەشەكانی و رایگەیاند: ترەمپ هەڕەشەیە بۆ سەر دیموكراسی. ترەمپیش گوتی: هیچ سەرۆكێك هێندەی بایدن زیانی بە ئەمەریكا نەگەیاندووە.
ترمپ لە ئایۆوا، بایدن لە پێنسلڤانیا بە هێرشكردنەسەر یەكتر بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێكرد. دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن هاوكاتە لەگەڵ سێ ساڵەی هێرشكردنەسەر كۆنگرێسی ئەمەریكا لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە.
بایدن لە وتارێکدا رایەگەیاند: ترەمپ هانی لایەنگرانیدا لەكاتێكدا جێگرەكەی خۆی لەناو كۆنگرێس بوو هێرشبكەنە سەر قەڵای دیموكراسی، ئێستاش ئەو تاوانبارانە بە قارەمان ناودەبات.
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا گوتی: "ترمپ هەوڵدەدات جارێكی دیكە 6ـی كانوونی دووەم دووبارە بكاتەوە؟ ترەمپ ویستی مێژوو و هەڵبژاردنەكانیش بدزێت. ترەمپ هەڕەشەیە بۆ سەر دیموكراسی. ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە. گرنگە بۆ دیموكراسی و ئازادی. بیری لێبكەنەوە، جێگرەوەی دیموكراسی دیكتاتۆریەتە. حكومڕانی تاكە كەسە نەوەكو حكومڕانی خەڵك. توندوتیژی سیاسی هیچ شوێنێكی لە دیموكراسی ئەمەریكادا نییە و نابێت هیچكات رێگەی پێبدرێت. ئەوانەشی هێرشیانكردەسەر كۆنگرێس وەك ترەمپ دەڵێ، قارەمان نین بەڵكو تێكدەر و تاوانبارن".
هێشتا كەیسی زۆرێك لە هێرشبەرەكان یەكلانەبووەتەوە. ئێف بی ئای رایگەیاندووە، گەوەرترین لێكۆڵینەوە لە مێژووی ئەمەریكا دەستیپێكردووە و كاتی دەوێت. وەزارەتی دادی ئەمریكاش رایگەیاند، هەزار و 200 كەس تۆمەتیان رووبەروو كراوەتەوە کە 890 کەسیان بە ئەنجامدانی تاوانی فدراڵی سزادراون. زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیەش سزاكەیان بەندییە و جێبەجێكراوە.
لەلایەن خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ هێشتا بەرگرییان لێدەكات و دەستگیركراوەكان بە زیندانی سیاسی ئیدارەی بایدن ناودەبات و دەڵێت: ئەگەر 10 خراپترین سەرۆكەكانی ئەمەریكا لیست بكەیت، بایدن لەناویاندا خراپترینە.
ترەمپ لە گوتارەکەیدا گوتی: "بایدن، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر سەیری سنوورەكان و هەڵئاوسان و سوپا و كشانەوە مەترسیدارەكەی ئەفغانستان و وزە و پێگەمان لەسەر ئاستی جیهان بكەیت، ئێستا ئەمەریكا تووشی شەرمەزاری بووە، هۆكارەكەشی بایدنە. ئەگەر 10 خراپترین سەرۆك لە مێژووی ئەمەریكادا ریز بكەیت، هەموویان پێكەوە هێندەی بایدن زیانیان بە ئەمەریكا نەگەیاندووە. هیچ كەس ناتوانێت پێش بایدن بكەوێتەوە لە لاوازی، ناشارەزایی و گەندەڵی و شكستدا. سەرەڕای هەموو ئەمانە، گوێتان لێبوو لە پێنسلڤانیا بە من دەڵێت، هەڕەشەیە بۆ سەر دیموكراسی. حكومەتێكی سەربازی دروستكردووە و بەمن دەڵێ، هەڕەشەیە بۆ سەر دیموكراسی."
سەرەڕای هەموو رەخنەكان و یەكلانەبوونەوەی كەیسی هێرشكردنەسەر كۆنگرێسی ئەمەریكا، بەگوێرەی راپرسییەكان، هێشتا ترەمپ لەپێش بایدنەوەیە.10 مانگی دیكە و بەدیاریكراوی لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024، 60ـەمین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بەرێوەدەچێت. دیارترین كاندیدەکانیش دۆناڵد ترەمپ لە كۆمارییەكان و جۆ بایدن لە دیموكراتەكان رووبەرووی یەكتر دەبنەوە. 20ی كانوونی دووەمی 2025، 47ـەمین سەرۆكی ئەمەریكا دەچێتە كۆشكی سپی.