ئۆپۆزسیۆنی بەنگلادیش بایکۆتی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی کرد

K24 - هەولێر
ئەمرۆ یەکشەممە، دەنگدەرانی بەنگلادیش چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگیان دا، پێدەچێت شێخە حەسینە واجید، سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش بۆ خولی پێنجەم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی لایەنەکانی دیکە بایکۆتیان کرد، لەنێوشیاندا پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە.
بەنگلادیش هەشتەم وڵاتی جیهانە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە کە "نزیکەی 170 ملیۆن کەسە" و بەدەست هەژارییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت، بەڵام بە سەرکردایەتی پارتی "رابیتە عەوامی" گەشەیەکی بەهێزی ئابووری بەخۆیەوە بینیوە، هاوکات لەلایەکی دیکەوە حکومەت رووبەڕووی تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن بووەتەوە.
پارتی کۆمەڵەی عەوامی لەو ناوچانەی کە رکابەریی لەسەر هەڵبژاردن دەکات هیچ نەیارێکی نییە رووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام خۆی لە کاندیدکردنی هەندێک کاندید بەدوور گرتووە، بۆ ئەوەی نەڵێن پەرلەمان لەلایەن یەک حزب کۆنتڕۆڵکراوە.
پارتی نەتەوەیی بەنگلادیش، بەهۆی دەستگیرکردنی زۆرێک لە ئەندامانی داوای مانگرتنی گشتیی کردووە و داوای لە دانیشتووانی بەنگلادیش کرد، بەشداری لە هەڵبژاردنی "ساختە" نەکەن.
بەڵام شێخە حەسینەی تەمەن 76 ساڵ، داوای لە هاوڵاتیان کرد وەکو بیروباوەڕیان بە پرۆسەی دیموکراسی دەنگ بدەن.
پاش دەنگدانی بە رۆژنامەنووسانی گوت: پارتی نەتەوەیی بەنگلادیش رێکخراوێکی تیرۆریستییە و دەشڵێت: هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی دیموکراسی لەم وڵاتەدا.
بەگوێرەی ئاماژەکان رێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە کەم دەبێت، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتداران پەنایان بردووەتە بەر تۆقاندنی هاووڵاتیان بۆ بەرزکردنەوەی شەرعیەتی دەنگدان.
بەرپرسی سەرپەرشتیاری پراشون گۆسوامی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دوای دوو کاتژمێر لە دەستپێکردنی دەنگدان، لە کۆی نزیکەی 4200 دەنگدەری تۆمارکراو لە بنکەیەکی دەنگدان لە رۆژئاوای دەکا تەنها 111 کەس دەنگیان داوە.
شەهریار ئەحمەد، تەمەن 32 ساڵ کە لە رێکخراوێکی خێرخوازیدا کاردەکات، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "من بە هیچ شێوەیەک ئارەزووی بەشداریکردنم لەم گاڵتەیەدا نییە، من پێم باشە لە ماڵەوە بمێنمەوە و سەیری فیلم بکەم".
بەشێک لە دەنگدەران رایانگەیاندووە، هەڕەشەیان لێدەکرێت بەوەی ئەگەر دەنگ بە حزبی رابیتەی عەوامی نەدەن، ئەوە دەست بەسەر ئەوکارتانەیان دەگیرێت کە پێدەڵێن کارتی یارمەتی حکومەت و لەو رێگەیەوە هاوکاری کۆمەڵایەتی لە حکومەت وەردەگرن.
لال میا تەمەن 64 ساڵ هاووڵاتیەکی دیکەی دەنگدەرە لە ناوچەی فەریدپور لە ناوەڕاستی وڵات بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "پێیان گوتم ئەگەر دەنگ نەدەم دەست بەسەر کارتەکەمدا دەگرن، گوتیان دەبێت دەنگ بدەین بە حکومەت چونکە ئێمە وابەستەیین".
پارتی نەتەوەیی بەنگلادیش و پارتەکانی دیکە لە ساڵی رابردوودا چەندین مانگ خۆپیشاندانیان کرد بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکان حوسەینە دەست لەکار بکێشێتەوە.
دەسەڵاتداران نزیکەی 25 هەزار کەسیان دەستگیرکرد کە سەرجەم سەرکردە ناوخۆییەکانی پارتی نەتەوەییان تێدابوو، هەروەها حکومەت لای خۆیەوە هەواڵی دەستگیرکردنی 11 هەزار کەسی بڵاوکردەوە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە کە نزیکەی 700 هەزار پۆلیس و هێزی یەدەگ لەگەڵ نزیکەی 100 هەزار ئەندامی هێزە چەکدارەکان جێگیرکراون، بۆ ئەوەی لە کاتی دەنگداندا ئاسایشی ناوچەکان و بنکەکان بپارێزن، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە دوای نیوەشەو ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن بڵاوبکرێنەوە.