لە كابینەی نۆیەمدا 404 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلار بە پرۆژەكان دراوە

K24 – هەولێر :
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 404 مۆڵەتی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکان بە کۆمپانیاکان دراوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش ئاماژە بەوە دەکات، زۆرترین مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان بۆ سێکتەری کشتوکاڵی و پیشەسازیی و گەشتیاریی بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (7ی کانوونی دووەمی 2024)، محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە، كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا، لەرێگەی دەستەی وەبەرهێنان 404 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بە پرۆژەكان بەخشراوە، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، تێكڕای مۆڵەتپێدان لە ساڵێكدا لە كابینەی نۆیەمدا لە سەرووی 100 مۆڵەتەوە بووە بۆ تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: 103 پرۆژە بۆ پیشەسازی و كارگەی گەورە، بە تایبەتیش لە بواری شیش و چیمەنتۆ،لەگەڵ 17 پرۆژەی كشتوكاڵی ، 55 پرۆژەی گەشتیاریی مۆڵەتیان پێ دراوە، محەمەد شوکری ئاماژە بەوە دەکات، سەرباری ئەو پرۆژانە، پرۆژەی دیکە لە بواری پەروەردەیی و تەندروستی و نیشتەجێبوون و بازرگانی جێبەجێکراون، بەڵام سەرنج و گرنگیی سەرەكی بۆ پرۆژە پیشەسازیی و كشتوكاڵیی و گەشتیارییەكان بووە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كابینەی نۆیەم بۆ پتەوكردنی وەبەرهێنان و نوێكردنەوەی ئەو بوارە، 39 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بەهۆی كەمتەرخەمیی وەبەرهێنەران و كەموكورتیی پرۆژەكان هەڵوەشاندووەتەوە و دراونەتەوە وەبەرهێنەری چالاك، جگە لەوەش چەندین پرۆژەی هەڵپەسێردراو كەوتوونەتەوە كار.
سەرۆكی دەستەکە رایگەیاند: چەندین پرۆژەی دیكەی وەبەرهێنان بە پشتیوانیی ئەنجومەنی وەزیران دەكەونە كار و ئەو پرۆژانەشی كێشەیان ماوە چارەسەر دەكرێن.