فەهمی بورهان: لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی پشتیوانی دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز دەکەین

K24 – هەولێر :
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ئەوەی دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز رێکاریی یاسایی بگرنە بەر، هەموو پشتیوانییەکیان دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە(7ی کانوونی دووەمی 2024)،فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 گوت: نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان گەیاندە دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز لەو بارودۆخەی بۆیان دروستکراوە، هاوکات پشتیوانیمان بۆیان دووپاتکردەوە بۆ ئەو ناهەقیەی بەرامبەریان کراوە، دەشڵێت: بەڵێنمان پێیانداوە نەیهێڵێن ئەو ناهەقییەی بەرامبەریان دەکرێت بەردەوام بێت، وەک ئاماژەی بۆکرد، ئەمڕۆ لەکاتی سەردانیکردنی دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز، ورەیەکی بەرزی لە خەڵکەکە بینیوە و بۆی ئاشکرا بووە، هیچ هاووڵاتیەکی کورد لە کەرکووک ئامادە نییە گەڕەک و خاکی خۆی بۆ فشاری هیچ لایەک بەجێبهێڵێت.
فەهمی بورهان تیشکی خستە سەر ئەوەی، سوپای عێراقی لە ساڵیادی خۆیدا، ئەو هەڵوێستەی بەرامبەر بە کوردی کەرکووک نیشانداوە، گوتی: هەوڵ دەدەین رایەکی گشتی دروستبکەین، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکمان بۆ دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز دووپاتکردەوە، بەو بەڵگانەی لەبەر دەستی دانیشتوانی گەڕەکەکەیە، لە فەرمانگەی یاسایی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هاوکار و پشتیوانیان دەبین ئەگەر بیانەوێت سکاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی، یاخود لە دادگای بەرایی کەرکووک پێشکەش بکەن.
لەبارەی هەوڵەکانیشیان بۆ راگرتنی پرۆسەکە لەگەڵ سوپای عێراقی، فەهمی بورهان دەڵێت: ئێمە ناتوانین گفتوگۆ لەگەڵ سوپایەک بکەین یاسای پێشێل کردووە و چۆتە نێو ژیانی خەڵکی گەڕەکی نەورۆز و شاری کەرکووک، دەشڵێت: ئەوەی روو دەدات ئامانجەکەی روونە، دەچنە سەر زەوی کورد و ماڵی کورد بە بیانووی ئەوەی موڵکی خۆیانە، لەکاتێکدا هیچ یەک لەو بیانووانە راست نین، هەموو ئەو بەڵگە یاساییانە پێچەوانەی قسەکانی ئەوانە، دەمانەوێت بە هێمنی کار لەو پرسانە بکەین.
فەهمی بورهان ئاماژە بەوە دەکات، رێگە بە تەعریبی دیکە نادەن لە شاری کەرکووک، ناهێڵێن ئەو گەڕەکە چۆڵ بکرێت، چونکە ئەوە هەوڵی تەعریب کردنێکی ئاشکرایە، ئەگەر لەو گەڕەکە بۆیان بچێتە سەر، لە گەڕەکی دیکەش تەعریب دووبارە دەکەنەوە .
رۆژی پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024)، سوپای عێراقی بەهەمەڕ و سەربازیی زۆرەوە، هەڵیکوتایە سەر ماڵە کوردەکانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک، هەوڵیدا ئەو 130 خانووە دەستبەسەردا بگرێت کە نزیکەی 20 ساڵە کورد تێیدا دەژیت.
هاوکات نوێنەری شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەنێو هاووڵاتیانی گەڕەکی نەورۆز بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەیەکەم کاتەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر کێشەی کوردانی گەڕەکی نەورۆز قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، سوودانیش بڕیاریدا سوپاکە بکێشنێتەوە.