ئیسرائیل بە ئامێری "پشکنینی درۆ" چاودێری وەزیر و بەرپرسەکانی دەکات

K24- هەولێر

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، یاسای پشکنینی درۆ بۆ وەزیر و بەرپرسەکانی وڵات جێبەجێ دەکەن و لە رێگەی پشکنینی ئامێری پشکنینی ئامێری درۆ چاودێرییان دەکرێت.

کەناڵی 12ی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشنیاری یاسایەکی کردووە کە لە رێگەی پشکنینی ئامێری ئاشکراکردنی درۆ بۆ ئەو وەزیر و بەرپرسانەی بەشدارن لە کۆبوونەوە ئەمنییەکان دەکەن.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێکی زۆری وتووێژەکانی حکومەت دزەی پێکراوە بۆ رۆژنامەنووسان و میدیاکان، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە ناتانیاهۆ ئەم رێگەیە بگرێتەبەر.

دوێنێ یەکشەممە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا نەتانیاهۆ گوتی: "ئێمە پەتایەکی دزەپێکردنمان هەیە، منیش ئامادە نیم بەمشێوەیە بەردەوام بم، هەر بۆیەش یاسایەکم ئاڕاستە کرد کە داوا دەکات هەر کەسێک بەشداربێت لە وەزارەتەکان و گفتوگۆیە ئەمنییەکان، بە سیاسی و پیشەییەوە، دەبێت بەشداری لە پشکنینی ئامێری ئاشکراکردنی درۆ بکات".

ئەو لێدوانانەی نەتانیاهۆ لە دوای بڵاوبوونەوەی چەند زانیارییەک دێت، سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتایی هاتن و تاوتوێکردنی شەڕی غەززە لە قۆناغی دوای جەنگدا.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

هه‌روه‌ها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئه‌م ساڵه‌وه‌ تا ئێستا زياتر له‌ 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

ئا: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment