دۆناڵد ترامپ: دەبێت لوید ئۆستن دەست لەکار بکێشیتەوە

دۆناڵد ترامپ
دۆناڵد ترامپ

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، رەخنەی لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا گرت، کە دۆخی خراپی تەندروستی خۆی ئاشکرا نەکردووە، داوای لێ دەکات دەست لەکار بکێشێتەوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال" رایگەیاند، "دەبێت وەزیری بەرگری شکستخواردوو، لوید ئۆستن، دەستبەجێ لە کارەکەی دووربخرێتەوە بەهۆی هەڵسوکەوتی نادروستی پیشەیی و پشتگوێخستنی ئەرکەکەی".

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی هەفتەیەک بوو وەزیری بەرگری بێسەروشوێن بووە، کەسیش بە جۆ بایدنی نەگوتووە، هەروەها نەیزانیووە لە کوێیە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گوتیشی: ئەدای کارکردنی وەزیری بەرگری خراپە، دەبوو ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر لە کارەکەی دووربخرێتەوە، دەشڵێت: ئەو و جەنەراڵ مارک میلی، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا هۆکاری زۆریان هەبوو، بەتایبەتی رادەستکردنەوەی ئەفغانستان کە کارەسات بوو، کە ساتێکی شەرمەزارکەر بوو لە مێژووی وڵاتەکەماندا.

 مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، چارەسەری نهێنی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری لە نەخۆشخانەکە بە "قبووڵنەکراو" وەسف کرد، چونکە ئەمەریکییەکان مافی خۆیانە دۆخی تەندروستی ئەو وەزیرە بزانن.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ ماوەی سێ رۆژ زانیاری لە کۆشکی سپی شاردەوە سەبارەت بە خەواندنی وەزیری بەرگری ئەمەریکا "لوید ئۆستن" لە نەخۆشخانەی واڵتەر ریدی سەربازی.

Fly Erbil Advertisment