کۆڕەک تیلیکۆم: چاوەڕێی بڕیاری دەستەی راگەیاندنی عێراقین بۆ کاراکردنەوەی هێڵی پەیوەندییەکان

کۆرەک لۆگۆ
کۆرەک لۆگۆ

K24 - هەولێر

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، گفتوگۆیەکی چڕمان لەگەڵ دەستەی راگەیاندنی عێراق کردووە چاوەڕێی بڕیاری ئەوانین بۆ ئەوەی بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە.

دوای ئەوەی بە بڕیاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، هێڵی پەیوەندیی نێودەوڵەتی کۆڕەک تیلیکۆم راگرت، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە گفتوگۆیەکی چڕمان لەگەڵ دەستەی راگەیاندنی عێراق کردووە چاوەڕێی بڕیاری ئەوانین بۆ ئەوەی بابەتەکان یەکلایی بکەینەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی: "ئێمە وەکو کۆڕەک تلیکۆم تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە، نە لە دەستە و نە لە هیچ لایەنێکی دیکە، بۆیە هەموو کارەکانمان وەکو خۆی وەستاوە، بەڵام هەفتەی رابردووش هیچ دەوامێکی فەرمی نەبووە بەهۆی سەری ساڵەوە، بۆ ئەم هەفتەیەش جارێ هیچ شتێک دیار نییە".

راشیگەیاند: "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی هەموو شتەکان یەکلایی بکەینەوە، بەڵام تا ئێستا ئێمە هیچ وەڵامێکمان لەوانەوە وەرنەگرتووە، لە ئێستاشدا بڕیار لای ئەوانە".

لە 30/8/2023 دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیایی کۆڕەک تیلیکۆم بۆ ماوەیەک، دوای تەواو بوونی مۆڵەتی کۆمپانیاکە، راگەیاندنی هێڵی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، داوای لە هەموو هاوبەشانی کۆڕەک تیلیکۆم کرد، بەهیچ شێوەیەک، سیمکارتی کۆڕەک نەکڕن و نەفرۆشن، هەموو هێڵێکی پەیوەندی بە کۆڕەک تیلیکۆمەوە بپچڕێنن.

لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment