عادل مەلا ساڵح: پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک زەوییەکانی کەسوکاری شەهیدانی فرۆشتووە

عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئاماژە بەوەدەکات، لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی کەسوکاری شەهیدان لە کەرکووك بەردەوامن. گوتیشی: پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک زەوییەکانی کەسوکاری شەهیدانی فرۆشتووە.

عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتمان لە کابینەکانی رابردوودا وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان نووسراوی فەرمی ئاراستەی پارێزگاری ئەو کاتی کەرکووکی کردبوو کە کورد بوو، تێیدا داوای کردبوو کە 50 دۆنم زەوی دابین بکرێت بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون، پارێزگاریش بەپێی توانای خۆی نووسراوی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و توانرا رەزامەندی زۆرینەیان وەربگیرێت، بۆ ئەوەی ئەو پارچە زەوییە بکرێتە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هاوکات راشیگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە لە 16ـی ئۆکتۆبەر بەسەر کەرکووکدا هات، وایکرد کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان سوودمەند نەبن لە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون.

عادل مەلا ساڵح، ئاماژەی بەوەدا، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لە ساڵی 2018 راستەوخۆ نووسراوی کردبوو بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، داوای کردبوو فەرمانی رەزامەندی پێدانی ئەو یەکە نیشتەجێبووانە بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کەرکووک هەڵبوەشێتەوە، هەروەها ناوبراو ئەو زەوییانەی فرۆشتووە بە کۆمپانیایەك بە ئامانجی ئەوەی بکرێت بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکانی دیکە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دەڵێت: "تەنیا ئومیدێک کە مابێت ئەو لایەنە کوردیانەن کە توانیویانە کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەستبهێنن، ئەگەر بتوانن پارێزگاری کەرکووک لە بەرژەوندی خۆیان یەکلاییبکەنەوە ئەو کاتە دەتوانین دووبارە ئومێد بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بگەڕێنینەوە".

عادل مەلا ساڵح، سەرجەم پشتیوانییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کەسوکاری شەهیدانی کەرکووك دووپاتکردووە و گوتی: لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ماف بۆ مافخوراوان لەو ناوچەیە بگەڕێنینەوە.

زەوی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان لە  كەركووك دەكرێتە پڕۆژە و دەفرۆشرێت، رووبەری زەوییەكە 50 دۆنمە و پێشتر بەدیاری لە لایەن كەسایەتییەكی كوردەوە پێشكەش كەسوکاری شەھیدان كراوە، ئەمەش كەسوكاری شەھیدانی نیگەرانكردووە و دەڵێن: "بە بڕیاری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و بە فەرمانی ئەو لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنانی كەركووك  داگیریان كردووە و زوڵم لە ھاووڵاتییانی كورد دەكەن".

لەلایەن خۆیەوە شاهۆ نەجم، کەسایەتی دیاری کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم زەوییە هی ئێمە بوو، باوکم پێشکەشی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانی کردبوو، بەڵام لە ئێستادا پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بە یاوەری دەستەی وەبەرهێنانی عێراق ئەو زەوییانەیان داوەتە وەبەرهێنەرێک".

ناڕەزایەتییەکان لەدژی بڕیارەکەی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک درێژەی هەیە، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ ئەم مەبەستە خیوەتیان هەڵداوە و دەستیان کردووە بە مانگرتن، هاوکات داوای چارەسەر و بەهاناوەهاتن دەکەن.

Fly Erbil Advertisment