سعوودیه... بلینكن و محه‌ممه‌د بن سه‌لمان كۆبوونه‌وه
K24 – هەولێر:
دوای گه‌یشتنی بۆ سعوودیه، ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د بن سه‌لمان شازادەی جێنشینی ئه‌و وڵاته كۆبووه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 8ـی كانوونی دووه‌می 2024) محه‌ممه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه له شاری (ئه‌لعه‌لا)ـی مێژوویی سعوودی، له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی دۆخی ناوچه‌كه و جه‌نگی نێوان حه‌ماس – ئیسرائیل كۆبووه‌وه.
ئاژانسی فرانس پرێس ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان محه‌ممه‌د بن سه‌لمان و بلینكن به‌نهێنی له پشتی ده‌رگا داخراوه‌كان به‌ڕێوه‌چوو.
بلینكن له ئیماراته‌وه له چوارچێوه‌ی گه‌شته‌كه‌ی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌مڕۆ گه‌یشته سعوودیه، كه هه‌ریه‌ك له توركیا، یۆنان، ئوردن و قه‌ته‌ریش ده‌گرێته‌وه.
ئه‌مه له كاتێكدایه ناوچه‌كه به‌هۆی كۆمه‌ڵێك رووداوی گه‌وره‌ی تایبه‌ت به جه‌نگی حه‌ماس - ئیسرائیل له گۆڕانكاریدایه.
ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەممە 8ـی كانوونی دووه‌می 2024)، ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له میانه‌ی گه‌شته‌كه‌یدا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، گه‌یشته سعوودیه و له‌لایه‌ن فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته پێشوازیلێكرا.
بلینكن گفتوگۆ له‌باره‌ی شەڕی غەززه و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچه‌كه ده‌كات، هەروەها تاووتوێی ترس لە فراوانبوونی ململانێکان لە ناوچەکە له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ریاز ده‌كات.
ئەنتۆنی بلینکن رۆژی یەکشەممە گەیشتە قەتەر و ئیدانەی کوژرانی هەزاران فەڵەستینی له كه‌رتی غه‌ززه کرد و گوتی: "کارەساتێکی بێ وێنەیە" هۆشداریشی دا کە "رەنگە ئەم ململانێیە بە ئاسانی بڵاوبێتەوە".
بلینکن ئەمڕۆ دووشەممە جگه له ئیمارات، سه‌ردانی سعوودیەشی كرد و دواتر دەچێتە تەلئەڤیڤ و سبەی سێشەممەش لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل كۆده‌بێته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌شره‌ف قودره گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین له كه‌رتی غه‌ززه، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 8ـی كانوونی دووه‌می 2024) بڵاویكرده‌وه، بۆردومانه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه به‌رده‌وامه و ژماره‌ی كوژراوانیش له‌و كه‌رته گه‌یشته 23084 كه‌س.
ئه‌و گوته‌بێژه ئه‌وه‌شی باسكرد، ژماره‌ی بریندارانی غه‌ززه له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكی جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس گه‌یشته 58926 كه‌س.
ئه‌شره‌ف قودره ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا، سوپای ئیسرائیل 17 كۆمه‌ڵكوژی ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی غه‌ززه ئه‌نجامداوه و بوونه‌ته هۆی كوژرانی 249 كه‌س و 510 بریندار.
دوێنی یه‌كشه‌ممه هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس حه‌مزه وائل ده‌حدووح و موسته‌فا سوره‌ییا له ره‌فه‌حی باشووری غه‌ززه به‌هۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل كوژران، به‌مپێیه كۆی رۆژنامه‌نووسه كوژراوه‌كان له‌وه‌ته‌ی ده‌تتپێكی جه‌نگی غه‌ززه گه‌یشته 109 رۆژنامه‌نووس.
94 رۆژ به‌سه‌ر جه‌نگی غه‌ززه تێده‌په‌ڕێت و تاكو ئێستاش رووبه‌ڕووبوونه‌وه و پێكدادانه ئاسمانی و وشكانییه‌كان له‌نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل به‌رده‌وامه.
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
هه‌روه‌ها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئه‌م ساڵه‌وه تا ئێستا زياتر له 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.