حوسێن ئەحمەد: هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون هەنگاوێکی بوێرانە بوو

K24 – هەولێر:
ئهندامێکی سهندیكای ئابووریناسانی كوردستان، رایدەگەیەنێت، دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان بەراورد بە زۆر وڵات باشترە، هەروەها دۆخی ئابووری ئەم هەرێمە چالاک و دڵخۆشکەرە.
حوسێن ئەحمەد، ئهندامی سهندیكای ئابووریناسانی كوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئابووری جیهان بە قەیرانی جیاوازدا تێدەپەڕێت، هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهان، بارودۆخی ئابووری زۆر باشترە.
ئەو ئەندامەی سهندیكای ئابووریناسانی كوردستان، راشیگەیاند، بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون هەنگاوێکی بوێرانە بوو. گوتیشی: حکومەت هەرێمی کوردستان قوربانی بە داهاتی خۆی دەدات لە پێناو جێگیربوونی بازاڕ.
حوسێن ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا، توانای هەرێمی کوردستان لە رووی ئابوورییەوە هەرێمێکی چالاکە، ئەگەر ئەم هەرێمە پاڵپشتی بکرێت و گرفتی سیاسی بۆ دروستنەکرێت توانای ئابووری زۆر زیاتری هەیە.
ئەو ئەندامەی سهندیكای ئابووریناسانی كوردستان، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، خاڵێکی ئەرێنی لە هەرزانکردنی نرخی ئارد، ئەوەیە پیشەی نانەوایی چالاک دەبێت.
حوسێن ئەحمەد، گوتی: "ئاسایشی خۆراک ئەولەوییەتێکی زۆر گرنگە لە کۆی ئاسایشی هە وڵاتێک، لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر بوێرانە نراوە، بۆ نمونە هەناری هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی بایەخی بازاڕەکانی جیهان، پەتاتەی هەرێم بووتە جێگەی بایەخی بڕاندەکان وەك کەی ئێف سی و ماکدۆناڵدز، هەروەها هەنگوین و سێوی بەرواری باڵاش. هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارە زۆر بوێرانەیە و جێگەی دەستخۆشییە".
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەرزانکردنی پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتییان، ئەو ئەندامەی سهندیكای ئابووریناسانی كوردستان روونیکردەوە، ئەم هەوڵەی حکومەتی هەرێم سومعەی حکومەتەکە جوانتر دەکات و متمانەی هاووڵاتی بازاڕ باشتر دەگەڕێنێتەوە.
بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ لەمەودوا نرخی 10 سەموون و 10 نان دەکرێتە هەزار دینار، لە بەرامبەردا داشکاندنی 50%ـی کرێ کارەبا و نرخی ئارد و غازیشیان بە کەمتر لە نرخی بازاڕ بۆ دابین دەکرێت و خاوەن فڕن و نانەواخانەکان و هاووڵاتیان پێشوازی لەم بڕیارە دەکەن.
ئهم بڕیاره لهلایهن نانهواخانه و هاووڵاتییانهوه پێشوازی لێ دهكرێت و جموجۆڵی خستووهته ناو نانهواكان و خاوهنهكانیان، كه بەشێک لە نانەواکان چوار نانی گەورە و بەشێکش ههشت نانی بچووک بە ھەزار دینار دەدەن.