پێنتاگۆن: هیچ پلانێکمان بۆ کشانەوە لە عێراق نییە

K24 – هەولێر:
وەزارەتی بەرگری ئەمهریکا رایدەگەیەنێت، هیچ پلانێکمان بۆ کشانەوە لە عێراق نییە.
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمهریکا راگەیاندووە، هیچ پلانێکمان بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق نییە و کار لەسەر ئەرکەکەمان بۆ لهناوبردنی داعش دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق وەزارەتی بەرگری ئەمهریکای بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان ئاگادار نەکردووتەوە.
پات رایدەر دەشڵێت، هێزەکانی ئێمە لەسەر داوای حکومەت لە عێراق ئەرکی خۆیان له عێراق جێبەجێدەکەن.
پێشتریش فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق کە بە باڵی سیاسی گرووپی عەسائیب ئەهلی حەق ناسراون؛ پشتیوانی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە وڵاتە دەربڕیبوو. هاوکات هەڵمەتێکی واژوو کۆکردنەوەشیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە پەرلەمان دەستپێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 50 واژوویان کۆکردووەتەوە.
هاوکات، بزووتنەوەی نوجەبا کە سەر بە حەشدی شەعبییە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردبووهوه و تێیدا بوونی ئەمەریکا بە "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عێراق" ناوبردبوو.
بزووتنەوەکە داواشیكردبوو، رێگری لە دەستوەردانی ئەمەریکا لە کاروباری ناوخۆیی عێراق بکرێت، چونکە هەبوونی ئەو هێزانە بە هۆکاری لاوازبوونی سوپای عێراق دەزانن.
لهلایهكی دیكهوه لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق راپۆرتێکیان ئاراستەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان کردووە و تێیدا داوا دەکات رێكکاری پێویست سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بگرێتەبەر.
لە ئەگەری کشانەوەیان، دەبێتە دووەم جار هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکێشێنەوە. بەو پێیەی ساڵی 2003 ئەمەریکا سەربازەکانی ناردە عێراق و ساڵی 2011 کشاندنییەوە، بەڵام جارێکی دیکە و لەساڵی 2014 لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش هێزەکانی گەڕاندەوە عێراق.