یەکێتیی ئەوروپا ساڵانە پێویستی بە ملیۆنێک کۆچبەری یاسایی هەیە

ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا
ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا

K24 - هەولێر

یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ساڵانە ملیۆنێک کەس خانەنشین دەبن، هەر بۆیە ساڵانە پێوستییان بە ملیۆنێک کۆچبەری یاسایی هەیە تا دەستی کار بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا تەرخان بکەن.

لە کاتێکدا چەندین ساڵە یەکێتیی ئەوروپا بە دەست کۆچی نایاساییەوە دەناڵێنێت، ساڵانە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و کارکردن بە کۆچبەری یاسایی دەدات.

ئیلڤا یوهانسۆن، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری ناوخۆیی دەڵێت، بەهۆی گۆڕانی دیمۆگرافییەوە؛ پێویستییان بە کۆچبەری یاساییە و ساڵانە سێ ملیۆن و 500 هەزار کۆچبەری یاسایی روو لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتی ئەوروپا، ژمارەی دانیشتووانی وڵاتانی یەکێتییەکە 446 ملیۆن و 700 هەزار کەسە، لەو ژمارەیە 23 ملیۆن و 800 هەزار کەس واتا لە سەدا 5.3 دانیشتووانی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا نین.

تەمەنی کارکردن لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لەنێوان 15 تا 64 ساڵە، ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک کەس لە یەکێتییەکە خانەنشین دەبن، هەر بۆیە ساڵانە پێویستی بە ملیۆنێک کۆچبەری یاسایی هەیە تا دەستی کار تەرخان بکات.

زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار کۆچبەر بە مەبەستی کارکردن روویان لە یەكێتیی ئەوروپا کردووە. ساڵی 2022 یەکێتیی ئەوروپا مۆڵەتی نیشتەجێبوون و کارکردنی بە زیاتر لە سێ ملیۆن و 445 هەزار کۆچبەری یاسایی داوە، کە زۆرینەیان هاووڵاتیی ئۆکرانیان.

لەو ژمارەیە لە سەدا 42ـیان واتا زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەس بە مەبەستی کارکردن روویان لە یەكێتیی ئەوروپا کردووە.

Fly Erbil Advertisment