نزیکەی 17 هەزار کەس لە دهۆک پاسپۆرتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پاسپۆرتی دهۆک: پاسپۆرت هەیە ماوەکەی بەرسەرچووە و وەرنەگیراوەتەوە

K24 – دهۆک

وەرنەگرتنەوەی پاسپۆرت لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی و نووسینگەکانی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە دهۆک  نزیکەی 17 هەزار کەس پاسپۆرتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.

سەعد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پاسپۆرتی دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەرنەگرتنەوەی پاسپۆرت لەلایەن هاووڵاتییان تەنیا لەدهۆک نییە، بەڵکو لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان عێراق هەیە، زۆر لە هاووڵاتییان بە مەبەستی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت سەردانمان دەکەن، بەڵام کاتێک مامەڵەکانیان تەواو دەبێت نایەن پاسپۆرتەکانیان وەرگرنەوە، چەندین جار لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا داوامان لە هاووڵاتییان کردووە، بێن پاسپۆرتەکانیان وەرگرنەوە".

گوتیشی: "ئێستا 17 هەزار پاسپۆرتی هاووڵاتییان لە سنووری پارێزگای دهۆک وەرنەگیراونەتەوە، کە ئەمە ژمارەیەکی زۆرە، ئەگەر لە بەغداوە بڕیار بدرێت ئەو پاسپۆرتانە بگەڕێنەوە دەبێ هاووڵاتییان بچن لەوێ پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە، ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن بە ماوەی 10 خولەک دەتوانن پاسپۆرتەکانیان وەرگرنەوە، نازانین بۆ وەری ناگرنەوە".

سەعد ئیسماعیل، ئاشکراشی کرد: "هەندێک پاسپۆت لەلامان هەن هی ساڵەکانی 2010 و 2011یە، ماوەکەیان بەسەرچووە و نەهاتوون وەری بگرنەوە، تائێستاش هەر لای ئێمەن".

سەبارەت بە سیستەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی ئاماژەی بەوەکرد: "لە سیستەمی ئەلیکترۆنی ئەو هاووڵاتییانەی پەلەیان بێت، دەتوانن لە ماوەی دوو کاتژمێر پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە، ئەو کێشەیە نەماوە کە مامەڵەی هاووڵاتییان دوابکەوێت".

Fly Erbil Advertisment