ئایدن مەعروف: داوامان لێ نەکراوە بەشداریی دانیشتنی تایبەت بە کورسی کۆتاکان بکەین
K24 - هەولێر
ئایدن مەعروف دەڵێت، دادگای فیدراڵی داوای نەکردووە نوێنەرێکی پێکهاتەکان بەشداریی دانیشتنی تایبەت بە کورسی کۆتاکان بکات. دەشڵێت، "بابەتەکە بە سیاسیی کراوە و دواخستنی بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکە جێگەی گومانە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 09-01-2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دواخستنی بڕیاردان لەبارەی سکاڵای تۆمارکراو لە دادگای فیدراڵی لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "جێگەی گومانە و بابەتەکە بە سیاسیی کراوە".
وەکو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتی، تاوەکو ئێستا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی داوای نەکردووە نوێنەرێکی پێکهاتەکان بەشداریی دانیشتنی تایبەت بە ژمارەی کورسی کۆتاکان بکات؛ "ئەمەش هەڵەیە، چونکە پێویستە هەردوولایەنی سکاڵاکە (سکاڵاکار و نوێنەری پێکهاتەکان) لە دانیشتنەکەدا بەشداربن".
ئایدن مەعروف جەختی کردەوە، "ئەگەر لە داهاتوودا لە دەرەوەی ئیرادەی پێکهاتەکان، بڕیار بدرێت، دەبێتە دژایەتیکردنی مافەکانیان و، کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت و بە تەواوەتیی رەتیدەکەینەوە".
رۆژی 27-12-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ جاری حەوتەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵایەکی تۆمارکراو لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ بۆ رۆژی 21-01-2024 دواخست.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر سکاڵایەکی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی بۆ هەڵبژاردنەکە راگرت.
سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:
ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.
ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.
ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.
ماددەی بیست و دووەم (22):
1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.
2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.
ماددەی سی و شەشەم (36):
1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیدهكانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.