بەناز حەمە رەشید: زانیاری و هەواڵی ناڕاست کۆمەڵگەیەک تێکدەدات
K24 – هەولێر :
مامۆستایەکی زانکۆ لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری چەواشەکارانە و ناڕاست، کۆمەڵگەیەک تێکدەدات، بۆیە پێویستە وەرگر هۆشیار بێت لەوەی بۆ دەستکەوتنی زانیاریی راست و دروست، بچنەوە سەر سارچاوە باوەڕپێکراوەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە(9-ی کانوونی دووەمی 2024)، بەناز حەمە رەشید، مامۆستای زانکۆ لەبارەی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری هەڵە و چەواشەکارانە بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، زانیاری چەواشەکاری لەگەڵ ئەوەی بابەتێکی کۆنە و مێژووی هەیە، ئێستا لە دونیای تەکنەلۆژیادا بابەتەکە زۆر زەق بۆتەوە، لەبەر ئەوەی مۆبایل و ئینتەرنێت بەدەست هەموو کەسێکەوەیە، دەشڵێت، ئەو بەشداربووانەی ئینتەرنێت و مۆبایل بەکاردێنن، دەتوانن زۆر بە ئاسانی لاپەڕەیەک لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ماڵپەڕێک دروستبکەن، هەر لە ماڵەوە لە ژوورەکەی خۆیان دامەزراوەیەکی میدیایی لەنێو دەستەکەی خۆیاندا دروستبکەن، بێ ئەوەی هیچ ژوورێکی بۆ بەکرێ بگرن، هەواڵی چەواشەکاری لەو پلاتفۆرمانە بە ئامانج و خواستی خۆیان بڵاو دەکەنەوە.
لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە، بەناز حەمە رەشید ئاماژەی بەوە کرد، زانیاریی هەڵە، ترس و دلەڕاوکێ و راڕایی بۆ وەرگری پەیام و کۆمەڵگە دروستدەکەن.
دەشڵێت: ئەگەر پزیشکێک هەڵە بکات، کەسێک دەکوژێت، بەڵام ئەگەر میدیایەک هەڵە بکات، کۆمەڵگەیەک تێکدەدات، لەبەر ئەوەیە پەیامی میدیا ئەگەر هەڵە بێت کاریگەری پڕ مەترسیی دروستدەکات.
بۆ چارەسەرییەکان و رێگریی لە هەواڵ و زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانە، ئەو مامۆستایەی زانکۆ رایگەیاند: باشترین رێگری لە هەواڵ و زانیاری هەڵە، بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەوەی هاووڵاتیان باوەڕ بەو هەواڵانە نەکەن و بەدوای سەرچاوەی باوەڕپێکراودا بگەڕێن بۆ دەستکەوتنی زانیاریی.
پێشی وایە، توێژەکان ئاستی رۆشنبیریان جیاوازە، بۆیە میدیا فەرمییەکان دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییە دروستەکان، بۆ ئەوەی بۆ هاووڵاتیان بیسەلمێنن کە زانیاریی سۆشیال میدیا هەڵە و ناڕاستە.
