تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان: رێژەی کۆچکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە کەمیکردووە

K24 – هەولێر:

بەرپرسی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان ئاماژە بەوەدەکات، کۆچکردنی گەنجان لە هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و لە ساڵی رابردوو هەزار و 30 کەس کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە (9ـی کانووی دووەمی 2024) سیروان گەردی، بەرپرسی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سی ساڵی رابردوو 30 بۆ 36 هەزار گەنج لە هەریمی کوردستان کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، بەڵام لە ساڵی رابردوو کۆچکردنی گەنجان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.

بەرپرسی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان تەنیا هەزار و 30 کەس کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، کە لەم رێژەیەش %80ـیان خەڵکی رانیە و قەڵادزێ بوون.

سیروان گەردی، هاوکات راشیگەیاند، جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا، ئەوروپای دووچاری دۆخێکی سەختی ئابووری کردووە، هەر ئەم دۆخەش وایکردووە رێژەی کۆچکردنی گەنجان بۆ ئەوروپا کەمببێتەوە.

یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بێ کاریی بوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندەها پڕۆژەی گرنگی خستووەتە بواری جێبەجێکردن کە بوونەتە هۆی رەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.