لویس ساكۆ: مه‌سیحییه‌كانی عێراق رووبه‌ڕووی كۆچێكی به‌رفراوان بوونه‌ته‌وه
K24 - هەولێر:
لویس ساكۆ ئاماژه به‌وه ده‌كات مه‌سیحییه‌كانی عێراق رووبه‌ڕووی كۆچێكی به‌رفراوان بوونه‌ته‌وه، ده‌شڵێت، هه‌رێمی كوردستان مه‌سیحییه‌كانی له‌خۆگرت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وان له ئێستای خه‌ڵكی غه‌ززه بارودۆخیان زۆر خراپتر ده‌بووه.
كاردیناڵ لویس ساكۆ باس له‌وه ده‌كات، نه‌بوونی سه‌قامگیری سیاسی، ئه‌منی و ئابووری و نه‌بوونی سه‌روه‌ری كه خواستی هه‌موو عێراقییه‌كانه، هاوكات پشتبه‌ستن به چه‌مكه دووانه‌ییه‌كانی وه‌ك دیموكراسی و ئازادی، ده‌ستوور، یاسا و هاووڵاتیبوون ته‌نانه‌ت لای ئه‌وانه‌ی كه به‌رامبه‌ر به خوا سوێندیان خواردوو پارێزگاری لێ بكه‌ن، بووه‌ته هۆی لاوازبوون و په‌ككه‌وتنی ئه‌رك و ئه‌دای دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و پاشه‌كشێی به‌ها نیشتمانیی و ئه‌خلاقییه‌كان و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان و زیادبوونی بێكاری، گه‌نده‌ڵی و نه‌خوێنده‌واری.
كاردیناڵ لویس ساكۆ له وتارێكدا كه ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 9ـی كانوونی دووه‌می 2024) به زمانی عه‌ره‌بی بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، پێكهاته‌ی مه‌سیحی له عێراق هه‌ست به خه‌م، په‌ژاره، ئازار، ترس و شڵه‌ژان بوونه‌ته‌وه به‌هۆی ئه‌و په‌راوێزخستنه‌ی به هه‌ردوو شێوه‌ی هه‌نده‌كی (الجزئي) و هه‌مۆكی (الكلي) رووبه‌ڕوویان بووه‌ته‌وه.
لویس ساكۆ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فریای مه‌سیحییه‌كانی عێراق به‌تایبه‌ت له مووسڵ و شارۆچكه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا نه‌كه‌وتبایه به‌تایبه‌تی له كاتی هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كه، دۆخی مه‌سیحییه‌كان له دۆخی ئاواره‌كانی ئێستای غه‌ززه خراپتر ده‌بوو، له‌و كاته‌ی حكومه‌تی عێراق هیچ هاوكارییه‌كی نه‌كردن.
لویس ساكۆ جه‌ختیكردووه‌ته‌وه، ده‌ستدرێژییه‌كان بۆ سه‌ر مه‌سیحییه‌كانی عێراق به‌رده‌وامه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستدرێژی ده‌كرێته سه‌ر ژیان و پیرۆزی و ئه‌رك و موڵك و ماڵیان و ته‌نانه‌ت به‌زۆر گۆڕینی ئایین و بیروباوه‌ڕیان له‌لایه‌ن داعش و جگه له داعش و پارێزگارینه‌كردن له مافه‌كانیان و هه‌وڵه‌كان بۆ سڕینه‌وه‌ی كه‌له‌پوور و مێژوو و میراتی ئایینیان و به‌كارهێنانی گوزاره‌ی رقه‌به‌ری به‌رامبه‌ریان له‌لایه‌ن هه‌ندێك له زانایانی ئایینی نه‌خاسمه له‌میانی پیرۆزكردنی جه‌ژنی سه‌ری ساڵ له مه‌سیحییه‌كان، له كاتێكدا ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی فه‌رمایشتی خوای گه‌وره‌یه وه‌ك له قورئانی پیرۆزدا ده‌فه‌رمووێ: (إِذْ قَالَتِ الْمَلَائِكَةُ يَا مَرْيَمُ إِنَّ اللَّهَ يُبَشِّرُكِ بِكَلِمَةٍ مِّنْهُ اسْمُهُ الْمَسِيحُ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ وَجِيهًا فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَمِنَ الْمُقَرَّبِينَ) ال عمران/45، هه‌روه‌ها: (وَجَعَلْنَاهَا وَابْنَهَا آيَةً لِّلْعَالَمِينَ) الأنبیاء/91.
ساكۆ دووپاتیكردووه‌ته‌وه، حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به مه‌سیحییه‌كان بێ‌ویژدان و نادادپه‌روه‌ره و هیچ قسه و به‌ڵێنێكی به‌رامبه‌ریان جێبه‌جێ نه‌كردووه. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ئه‌مانه و چه‌ندان هۆكاری دیكه پاڵی به مه‌سیحییه‌كانه‌وه ناوه كۆچێكی به‌رفراوان بۆ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه ده‌ستپێبكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك به‌م دواییانه 100 خێزان له قه‌ره‌قووشه‌وه شوێن و ماڵی خۆیانیان به‌جێهێشتووه.
ناوبراو تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه زۆربه‌ی پارت و هێزه مه‌سیحییه‌كانی عێراق به‌دوای پاره و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ن و كه به ده‌سه‌ڵاتیش ده‌گه‌ن پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌ن و بزووتنه‌وه‌ی "بابلیۆن" دیارترین نموونه‌یانه.
ساكۆ گوتووشیه‌تی، كه‌نیسه له ناوخۆیدا رووبه‌ڕووی دابه‌شبوون بووه‌ته‌وه، كه هۆكاری سه‌ره‌كیشی بزووتنه‌وه‌ی بابلیۆنه و توانیویه‌تی به‌شێك له قه‌شه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاربهێنێت.