کیم جۆنگ ئون هەڕەشەی لەناوبردنی کۆریای باشوور دەکات

K24 – هەولێر

سەرۆکی کۆریای باکوور رایگەیاند: ئەگەر کۆریای باشوور بوێری ئەوەی هەبێت هێز بەرامبەر ئێمە بجوڵێنێت، دەستی لێ ناپارێزم بۆ لە ناوبردنی.

ئاژانسی فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور جەختی لە بەهێزکردنی رێگری ئەتۆمی وڵاتەکەی کردەوە و دووپاتی کردووەتەوە، ئەگەر کۆریای باشوور بوێری هەبێت هێز بجووڵێنێت و هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی، ئەوا دەست ناپارێزێت بۆ لەناوبردنی.

ئاژانسەکە راشیگەیاند، لە کاتی پشکنینی کارگە گەورەکانی چەکدا کیم رایگەیاندووە، کە سیئۆل "دوژمنی سەرەکی پیۆنگ یانگە"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەولەویەتی وڵاتەکەی "لە سەرووی هەمووشیەوە بەهێزکردنی توانا سەربازییەکان بۆ بەرگریکردن لە وڵات و رێگریکردن لە شەڕی ئەتۆمی".

کیم ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆریای باکوورر بە فەرمی ناوی کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریای باکوورە، "بە شێوەیەکی تاکلایەنە".

گوتیشی: "ئەگەر کۆماری کۆریای باشوور "کۆریای باشوور" بوێری ئەوە بکات هێزی چەکداری بەکاربهێنێت لە دژی کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا یان هەڕەشە لە سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەی بکات و دەرفەتێکی لەو شێوەیە بقۆزێتەوە، ئێمە بە هەموو ئامراز و هێزەکانمانەوە دەستناپارێزین لە لەناوبردنی کۆریای باشوور".

تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کۆریا دوای ئەوەدێت کیم پێگەی وڵاتەکەی وەک هێزێکی ئەتۆمی لە دەستووردا چەسپاند و تاقیکردنەوەی پێشکەوتووی مووشەکی بالیستیکی نێوان کیشوەرەکانی دەستپێکرد.

ئاژانسی (KCNA)ی کۆریای باکوور ئاشکراشیکرد، کیم بە یاوەری بەرپرسانی باڵای حزبی و سەربازی، چەند گەشتێکی کردووە بۆ کارگە تەقەمەنییەکانی، ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئامانجی گەشتەکەی هاندانی کرێکارانی پیشەسازی چەک بووە.

ئەمەریکا و دەیان وڵاتی هاوپەیمانی لەوانە کۆریای باشوور و ژاپۆن، کۆریای باکوور تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی سزا نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش دابینکردنی مووشەک بۆ رووسیا بۆ یارمەتیدانی مۆسکۆ لە شەڕی ئۆکرانیادا.

ئا: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment