سامانە سروشتییەکان: 219 ملیۆن لیتر نەوتی سپیمان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکردووە

دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان
دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان

K24 – هەولێر :

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، تا ئێستا 219 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە(10-ی کانوونی دووەمی 2024)،وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: تا ئێستا لە هەولێر زیاتر لە 39 ملیۆن لیتر و، لە سلێمانی نزیکەی 80 ملیۆن لیتر، لە دهۆک زیاتر لە 46  ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر یەک ملیۆن خێزان دابەشکراوە کە دەکاتە رێژەی زیاتر لە 85٪ ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان، کە رێژەی زیاتر لە 97٪ لە هەولێر و، رێژەی 75٪ لە سلێمانی و نزیکەی 83٪ لە دهۆکن.

بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق تا ئێستا زیاتر لە هەشت ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، لەو نەوتەی بەغداش چوارملیۆن و نیو لیتر بۆ هەولێر و، زیاتر لە یەک ملیۆن لیتریش بۆ سلێمانی، سێ ملیۆن لیتر بۆ دهۆک بووە.

لەبارەی بەنزینیش، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئاشکرایکرد، تا رۆژی 9 ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار لیتر بەنزینی نۆرماڵیان لە هەردوو پاڵاوگەی لاناز و کار دابینکردووە، کە 648 هەزار لیتری بۆ هەولێرو ، 324هەزار لیتر بۆ سلێمانی،360 هەزار لیتر بۆ دهۆک بووە.

Fly Erbil Advertisment