سروش عەبدوڵڵا: بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆچی گەنجانی کەمکردەوە
K24- هەولێر:
گوتەبێژی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان ئاشکرایدەکات، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی هەلیکار بۆ دەستیکاری ناوخۆ بەرێژەی75٪، رێژەی کۆچی گەنجانی کوردستانی بۆ دەرەوەی وڵات کەمکردووە، لەگەڵ ئەوەی هێشتا زۆرینەی کۆمپانیاکان ماون بڕیارەکە جێبەجێ بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە(10ی کانوونی دووەمی 2024)، سروش عەبدوڵڵا گوتەبێژی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان بە کوردستان24 ی راگەیاند: لە ساڵەکانی 2020 بۆ ساڵی 2021 کە ساڵی لێشاوی کۆچی گەنجان بوو، 31 هەزار گەنجی کوردستان کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کرد، ئاشکرای دەکات، لە ساڵی 2022، ریژەکە کەمبۆتەوە بۆ دوو هەزار کەس، لە 2023 ێش رێژەکە کەمبۆتەوە بۆ هەزار و 30 گەنج لەوانەی کۆچیان کردووە،3121 گەنجیش دیپۆرتی کوردستان کراونەتەوە، بە گشتیش لە ساڵی 2020 ەوە تا ئێستا 37151 گەنجی کوردستان کۆچیان کردووە.
ئەو گوتەبێژەی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری نا هەمواری سیاسیی و بارودۆخی باری ئابووریی لە ناوچەکە بە عێراق و ئەفغانستان و سوریا و لوبنان، کە کوردستانیش بەشێکە لە عێراق، هۆکاری کۆچ بووە.
سروش رایدەگەیەنێت: هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی کۆچی گەنجان لە ساڵی 2023 بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوە بووە، هەر کاتێکیش کە پەیوەندییەکانی نیوان تورکیا و ئەوروپا خراپ دەبێت، کۆچ زیاد دەکات.
دەشڵێت: هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستان، گرانی رەوشی ژیانە لە تورکیا و ئەوروپا، بەڵام بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رەخساندنی هەلیکار بۆ دەستیکاری ناوخۆ بە رێژەی 75٪ ، بۆتە هۆکاری کەمبوونەوەی ریژەی کۆچی گەنجانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا ژمارەیەکی کەمی کۆمپانیاکان بریارەکەیان جێبەجێکردووە.
گوتەبێژی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان تیشکی خستە سەر ئەوەی بەر لە شەڕی عێراق، کۆچی پێجەوانەوە دەکراو کوردانی دەرەوەی کوردستان دەهاتنەوە کوردستان، دەڵێت: ئەگەر عێراق دەستوور جێبەجێ بکات، ئەوە کوردستان وەکو پێشتر دەبووژێتەوە، هاوکات سەقامگیریی سیاسیی بۆ دەگەڕێتەوە، سروش پێی وایە عێراق نایەوێت خەڵکی کوردستان لە خۆشگوزەرانی بژیت، دەشڵێت: 80٪ ی ئەو گەنجانەی ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە، گەنجانی رانیە و قەڵادزێ بوونە بە هۆکاری نەبوونی هەلیکار لەو ناوچانە.