دادگای تاوانی نێودەوڵەتی یەکەمین دانیشتن لەبارەی غەززە ئەنجامدەدات

K24 - هەولێر

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، یەکەمین دانیشتنی سەبارەت بە کارەکانی ئیسرائیل لەناو کەرتی غەززە ئەنجامدەدات.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2024، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە شاری لاهای هۆڵەندایە، یەکەمین دانیشتنی تایبەت بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لەناو کەرتی غەززە ئەنجامبدات، تیایدا باشووری ئەفریقا وەک سکاڵاکار و ئیسرائیل وەک تۆمەتبار ئامادەی دادگاییەکە دەبن.

باشووری ئەفریقا لە سکاڵاکەیدا ئیسرائیلی تۆمەتبارکردووە، بەوەی کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجامداوە و پابەندی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1948 نەبووە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە.

بۆ پشتیوانی لە سکاڵاکەی باشووری ئەفریقا سەدان کەس لە ئەوروپاوە بەرەو هۆڵەندا رۆشتوون و لە نزیک دادگاکە کۆبوونەتەوە.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە 15 دادەوەر پێکهاتووە، کە هەریەکەن نوێنەرایەتی وڵاتێک دەکەن.

لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس هەڵگیرسا، بەگوێرەی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە 23 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون.

Fly Erbil Advertisment