لوقمان عەبدولقادر: دادگایی ئەو کۆمپانیایانەی چەکیان بە بەعس دابوو لە قوناغی کۆتاییدایە

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، دادگایی ئەو کۆمپانیایانەی چەکیان بە بەعس دابوو لە قوناغی کۆتاییدایە و داواش لە کەسوکاری شەهیدان دەکات بەڵگەكانیان راده‌ستی دادگا بكه‌ن.

بە گوتەی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە؛ دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانەی چەکی کیمیاییان بە رژێمی بەعس فرۆشتبوو لە قۆناغی کۆتاییدایە، بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی قوربانییان.

کۆمەڵەکە داوا لە کەسوکاری شەهیدان دەکات بەڵگەكانیان راده‌ست بكه‌ن، چونكە بڕیاری دادگا بۆ سزادان و  قەرەبوو بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی چەکی کیمیاییان بە ڕژێمی به‌عس فرۆشتووە لە قۆناغی کۆتاییدایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-01-2024، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەبێت بۆ 12ی مانگی  ئاداری ئەمساڵ هەموو بەڵگەکان لەسەر شەهیدان و بریندارەکان تەواو بکرێن، تاوەکو بۆ قەرەبووکرنەوەیان مافیان نەفەوتێت.

لوقمان عەبدولقادر ئاماژەی بەوەش کرد، "لەگەڵ دەستەیەک پارێزەری نێودەوڵەتی توانیمان پەیوەستنامەیەک واژوو بکەین بۆ ئەوەی ئەوان لەرێگەی نێودەوڵەتییەوە بەڵگە و دۆکیومێنتییەکان کۆبکەنەوە و ئێمەش وەکو لایەنێکی مەیدانی ئامادەکاری و کارئاسانی بکەین بۆ وەرگرتنی گوتەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران تاوەکو لەرێگەی یاساییەوە ببێتە بەڵگەیەک بۆ سزادانی ئەو کۆمپانیانە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "چەند شتێک بوونەتە هۆی داوخستنی دادگاییکردنەکە. پێشتر دۆسیەکەمان لە دادگای هەڵەبجە بوو، لە دانیشتنێک بۆ دانیشتنێکی دیکە دادوەرەکە دەگۆڕدرا. دواتر بڕیارماندا دۆسیەکە ببەینە دادگایەک کە دادوەرێک تا کۆتاییەکەی ئیشی لەسەر بکات و نەگۆڕدرێت و لەگەڵی بمێنێتەوە. خۆشبەختانە لە دادگایەکی سلێمانی ئەو کارە ئەنجام درا".

وەکو ئەوەی سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە خستییەڕوو، "چوار هەزار و 817 کەس سکاڵایان تۆمارکردووە کە بەشێکیان بەرکەوتەی چەکی کیمیاین و بەشێکی دیکەشیان کەسوکاری زیاتر لە دوو هەزار شەهید و برینداری کیمیابارانی هەڵەبجەن".