لە ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەکی نهێنی بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران بەڕێوەچوو

K24 - هەولێر
سیاسەتمەدارانی راستڕەوی توندڕەوی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەکی نهێنییان ئەنجامداوە، کە ماڵپەڕێکی لێکۆڵینەوەی ئەڵمانی ئاشکرایکرد، لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنان دانیشتووی ئەڵمانیا کردووە بە پشتبەستن بە رەچەڵەکی نەتەوەیی، ئەوانەی کە رەگەزنامەی ئەڵمانییان هەیە.
ماڵپەڕی "کۆرێکتیڤ" ئەو کۆبوونەوەیەی ئاشکرا کردووە، کە لە 25ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە هۆتێل "لاندهاوس ئادلۆن" لە شاری پۆتسدام لە نزیک بەرلین بەڕێوەچووە، کە تێیدا سیاسەتمەدارانی پارتی "بەدیل بۆ ئەڵمانیا"ـی راستڕەوی توندڕەو بەشداریان تێداکردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە رێگا و پلانێکدا کردووە، کە بەشداربووان ئاواتەخوازن دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی بەدیل بۆ ئەڵمانیا جێبەجێی بکەن.
ئەو کۆبوونەوەیە "کۆنگرەی فانزی" دەهێنێتەوە بیر کە بەر لە 80 ساڵ لە مانگی 1ـی 1942 لەلایەن گەورە سەرکردەکانی نازییەکان بەرێوەچوو، سەبارەت بە چارەسەرکردنی یەکجاری جولەکەکان، کە دواتر بڕیار درا هەموو جولەکەکان دەستگیر بکرێن و ببردرێنە سەربازگەی دەستگیرکراوەکان.
رۆلاند هارتویگ، راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی پارتی "بەدیل بۆ ئەڵمانیا"، ئەلیس فیدڵ، لەگەڵ ژمارەیەک جێگری سەر بە پارتی توندڕەو کە لە ساڵی 2017 چووەتە پەرلەمانی فیدراڵی و ئێستا لە ئۆپۆزسیۆنە، بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە، بە گوتەی رۆژنامەنووسێک کە دەڵێت: ئامادەی شوێنەکە بووە و چاودێری هاتنی بەشداربووانی کردووە، دوو سیاسەتمەداری پارتی دیموکراتی مەسیحی راستڕەوی ناوەڕاست، سەر بە ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری پێشووی ئەو وڵاتە بەشدارییان کردووە.
رۆژنامەنووسانی نهێنی لە ماڵپەڕی "کۆرێکتیڤ" توانیان سیخوڕی بەسەر ئامادەبوواندا بکەن، دوای ئەوەی نامەی بانگهێشتنامەی کۆبوونەوەکەیان دەستکەوت، کە بە گوتەی خۆیان لەلایەن یەکێک لە بەشداربووانەوە دزەپێکراوە بۆیان، پەیامەکە لە لایەن دوو کەسەوە نێردراوە، یەکێکیان پزیشکی ددان لە شەستەکانی تەمەنیدایە و خەڵکی شاری دوسلدۆرفە بە ناوی "گێرنۆت مۆریگ" کە بە پەیوەندییە توندڕەوەکانی ناسراوە و ئەوی دیکەیان "هانس کریستیان لیمەر" وەبەرهێنەرە لە کەرتی زنجیرە چێشتخانەیەکی بەناوبانگی ئەڵمانیا،.
دەشڵێت: کڕۆکی بانگهێشتنامەکە بەناوی "ماستەرپلانی بە مانای تێگەیشتنە ستراتیژییەکەی بۆ گەڕاندنەوەی وڵاتەکەمان بۆ سروشت و رێگە دروستەکەی" دەخرێتەڕوو، سپۆنسەرەکان داوا لە بەشداربووان دەکەن هاوکارییەک بکەن بە بڕی پێنج هەزار یۆرۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکە، ئەستێرەی کۆنفرانسەکە مارتن سێڵنەر بوو، نووسەرێکی ناسراوی نەمساییە کە لەنێو راستڕەوی توندڕەودا ناسراوە، سێڵنەر، کە یەکەم قسەکەر بوو لە کۆنفرانسەکەدا، تێڕوانینی خۆی بۆ بەدەستهێنانی "دەرکردنی" ئەو کەسانە پێشکەش کرد کە پێشینەی کۆچبەریان هەیە لە ئەڵمانیا.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی ئاماری فیدراڵی لە ئەڵمانیا زیاتر لە 20 ملیۆن کەس هەن کە پێشینەی کۆچبەرییان هەیە، سێلنەر سێ گروپی ئامانجی دەستنیشان کرد، یەکەم، پەنابەران، دووەم، ئەوانەی کە ئیقامەی هەمیشەیییان هەیە، سێیەمیش، ئەوانەی رەگەزنامەیان هەیە، کە ئەوان بە گەورەترین کێشە دەزانێت.
سێلنەر بیرۆکەی "وڵاتی پێشوازی"ـی خستەڕوو کە دەتوانێت لە باکووری ئەفریقا بێت و بتوانێت دوو ملیۆن کەس وەربگرێت و بتوانێت "بیانگوازێتەوە بۆ ئەوێ و دەرفەتی وەرزشکردنیان هەبێت، هەرکەسێک پشتگیری پەنابەران دەکات دەتوانێت بچێتە ئەوێ، ئەم پێشنیازە دەنگدانەوەی ئەو بیرۆکانەی هەیە کە لە ساڵی 1940 لەلایەن نازییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە بۆ دیپۆرتکردنەوەی جولەکەکان بۆ دوورگەی ماداگاسکار.
جێی ئاماژەیە بیرۆکەی ناردنی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەفریقا لەلایەن یانس شپان وەزیری پێشووی تەندروستی و ئەندامی پارتی دیموکراتی مەسیحی ئەنگێلا مێرکڵەوە پێشکەش کرا، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گەنجان پێشنیاری ئەوەیان کرد کە ناوەندێکی پەنابەرێتی لە رواندا یان غانا هەبێت، کە پەنابەران دەتوانن لەوێ بمێننەوە لە کاتێکدا داواکاری پەنابەرییان بۆ ئەڵمانیا چارەسەر دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکە، هیچ کام لە بەشداربووان ناڕازی نەبوون لەو بیرۆکانەی کە لەلایەن سێڵنەرەوە پێشکەشکراون، بەڵام گومان هەبوو دەربارەی ئەوەی کە تا چ رادەیەک دەتوانرێت جێبەجێ بکرێن، یەکێک لە بەشداربووان، "سیلک شرۆدەر"، کە سەر بە کۆمەڵەیەکی زمانی ئەڵمانییە کە پەیوەندی بەپارتی مەسیحی دیموکراتەکانەوە هەیە، پرسیاری ئەوەی کرد، کە چۆن ئەو سیستەمە بەسەر ئەو کەسانەدا جێبەجێ دەکرێت کە رەگەزنامەیان هەیە، گوتیشی کاتێک خەڵک پاسپۆرتە ئەڵمانییەکانیان وەردەگرن، دەرکردنیان ئەستەمە، سێلنەر وەڵامی دایەوە، ئەم پرۆسەیە ماوەی 10 ساڵ دەخایەنێت و پێویستی بە گۆڕانکاری و رێنمایی یاسایی هەیە.
هەروەها گێریت های، پەرلەمانتاری فیدراڵی لە پارتی بەدیل بۆ ئەڵمانیا لەسەر پێشنیارەکە لێدوانیدا و گوتی: ئەو پشتیوانی لەو رەوتە دەکات و ماوەیەکی زۆرە پشتگیری دەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەر ئەم هۆکارە چیتر دژی پلانەکەی حکومەتی ئێستا نییە بۆ گۆڕینی یاسای هاووڵاتیبوون و رێگەدان بە دووانەیی، واتە "مانای ئەوەیە کە دەتوانرێت رەگەزنامەی ئەڵمانیا لەوانە بسەندرێتەوە رەگەزنامەیەکی دیکەیان دەبێت".
