نیپاڵ.. بوودای بچووك به تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌ستگیركرا

K24 - هەولێر:
پۆلیسی نیپاڵ ئاماژه به‌وه ده‌كات رێبه‌رێكی رووحییان ده‌ستگیركردووه كه په‌یڕه‌وان و شوێنكه‌وتووانی به "بوودای بچووك" ناوی ده‌به‌ن و تۆمه‌تباره به ده‌ستدرێژی سێكسی و رفاندن.
پۆلیسی نیپاڵ رایگه‌یاندووه، رام به‌هادوور بۆمجان كه رێبه‌رێكی رووحیی ته‌مه‌ن 33 ساڵه و له‌لایه‌ن شوێنكه‌وتووان و پهیڕهوانییهوه به "بوودای بچووك" ناسراوه، به تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی و رفاندنی منداڵان ده‌ستگیر كراوه، دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك خۆی شاردبووه‌وه.
پۆلیسی ئه‌و وڵاته روونیكردووه‌ته‌وه، بۆمجان ماوه‌یه‌كی زۆره ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كاته سه‌ر شوێنكه‌وتووان و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییان ده‌دات.
پۆلیسی نیپاڵ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه، بۆمجان له شاری كاتماندۆ ده‌ستگیر كراوه و تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی دراوه‌ته پاڵ له خهڵوهتگایهكی ئایینی كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی سارلاهی له باشووری پایته‌ختی ئه‌و وڵاته، ده‌ستدرێژی سێكسی كردووه‌ته سه‌ر منداڵێك.
بۆمجان له ساڵی 2018ـدا رووبه‌ڕووی تۆمه‌تێكی هاوشێوه بووه‌وه كاتێك ئافره‌تێكی بوودایی "راهیبه"ـیهكی ته‌مه‌ن 18 ساڵ رایگه‌یاند، له یه‌كێك له خهڵوهتگاكان له‌لایه‌ن بۆمجانهوه ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر.