شێخ ئەحمەد بارزانی بە شۆڕشی بارزان ئەوکات و ئێستای کوردستانی رووناک کردەوە
K24-هەولێر:
شێخ ئەحمەدی بارزان، خودانی بارزان، بەڵگە فیلمی کوردستان24 ە، لەسەر ژیان و بەرخودانی شێخ ئەحمەدی بارزانی و بارزانییەکان لەپێناوی بەرگریکردن لە شوناس و مانەوەی کورد، هەستی شۆڕشگێڕیی و نەتەوەیی شێخ ئەحمەدی بارزانی بەشێوەیەک بووە، خۆی بە بەرگریکاری مافەکانی گەلی کوردستان زانیوە لەهەر پارچەیەکی کوردستاندا، بۆیە لەگەڵ بارزانییەکان بوونە پاڵپشت و بەرگریکاری کۆماری کوردستان.
شێخ ئەحمەدی بارزان، ساڵی 1896 لە گوندی بارزان لەدایک بووە، بە خودانی بارزان بانگیان کردووە، کە بەمانای خاوەنی بارزان دێت، دوای شەهیدبوونی عەبدولسەلامی برا گەورەی، هەمان رێبەر و رێبازی وەرگرتووە و بۆتە رێبەری تەریقەتی بارزان.
کازم شانەدەری: شێخ ئەحمەدی بارزانی کەسایەتیەکی دیاری ئایینی بارزان بوو
کازم شانەدەری پێشمەرگەی دێرین لەبارەی شێخ ئەحمەدی بارزانی دەڵێت: دوای شەهیدکردنی شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەحمەدی بارزانی برای هاتە شوێنی، شێخ ئەحمەدی بارزانی لەنێو بارزانییەکان کەسێکی موبارەکە، لەرووی ئایینیەوە کەسایەتیەکی دیاری بارزان بوو.
عزەدین موستەفا رەسوڵیش لەبارەی شێخ ئەحمەدی بارزانی دەڵێت: شێخ ئەحمەد کەسێکی هوشیار و وریا بوو، ناوێکی گەورەیە لە مێژووی کورددا، لەنێو بارزانییەکانیشدا دوای شێخ عەبدولسەلام دیسان ناوێکی گەورەیە.
بارزانییەکان ناوچەی بارزانیان بە سەربەخۆیی و بە خۆیان بەرێوە بردووە، تەنانەت دوای دامەزراندنی حکومەتی عێراقی کە لە ساڵی 1931 بڕیاریدا بارەگانی پۆلیس لەو ناوچەیە دامەزرێنێت، دانیشتوانی ناوچەکە بە رێبەرایەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی لەڕووی ئەو کارە وەستانەوە و ئامادە نەبوون ملکەچ بکەن بۆ دوژمن، لە ئەنجامدا شۆڕشەکە بارزانی گرتەوەو ، بارزانییەکان توانیان گورزێکی بەهێز و کوشندە لە دوژمن بدەن.
کازم شانەدەری دەڵێت: بارزانی گێڕاویەتیەوە، کەسێک هاتۆتە لای و پێی راگەیاندووە بگەن بە شێخ ئەحمەد، بارزانی نەمر دەڵێت کە خۆم توند کرد بچم بۆ لای شێخ ئەحمەد، بینیم کە دەوری گوند دراوە و خۆی گەیاندۆتە شێخ ئەحمەد و لێی پرسیووە، رای تۆ چیە، شێخ ئەحمەد وەڵامی بارزانی داوەتەوە و پێی گوتووە، رای من ئەوەیە کەس ناتوانێت شەڕ بکات، بارزانی نەمر پێی فەرمووە کە پێویستە لە گوندی بارزان بچێتە دەرەوە، لەگەڵ خۆشیدا دوو یان سێ کەسێک ببات، لە گوندی بارزان ئەوکات هەشت چەکدار مابوونەوە، شەڕێکی گەورە بە رێبەرایەتی بارزانی نەمر دژ بە سوپای عێراقی کراو سوپاکە تێکشکێندرا.
عزەدین موستەفا رەسوڵ: شێخ ئەحمەدی بارزانی خۆی رێبەرایەتی چوونی بارزانییەکانی بۆ کۆماری کوردستان کرد
عزەدین موستەفا رەسوڵیش دەڵێت: دوای شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەحمەد سەرکردەی شۆڕش بووە، دەڵێت: بارزانی نەمر بەوشێوەیە باسی دەکرد، راستی بارزانی نەمر لەسەردەمی شێخ ئەحمەددا شەڕکەریش بووە، رۆڵی شێخ ئەحمەدیش ئاگاداری هەموو شتێک بووە، بە کردارەکی سەرکردە بوو، شێخ ئەحمەد بەو گەورەییە سەیر دەکرا لەلای ئەوان.
لە سەرووبەندی پێکهێنانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، شێخ ئەحمەد بڕیاری بەشداری پێکردنی بارزانییەکانی لەو کۆمارە دا و خۆی رێبەرایەتی چوونی بارزانییەکانی بۆ کۆماری کوردستان کرد.
ئەوەی دەتوانێت چەک هەڵبگرێت بێتە کۆماری کوردستان
کازم شاندەری دەڵێت: ساڵی 1946 ئەوکاتەی کۆماری کوردستان راگەیاندرا، بارزانی نەمر لە مەهاباد بوو، هەر ئەوساڵە لە نەورۆزدا هەواڵی بە ئێمە دا کە ئێمە لەنێوان نەغەدە و شنۆیە بووین، ئەوەی بتوانێت چەک هەڵبگرێت، بێتە مەهاباد، ئێمەش سێ رۆژان بەپێ چووین و هەتا گەیشتینە مەهاباد بووینە 100 کەس و زیاتریش، ئێمە لەوێ چووینە بارەگای بارزانی.
تەنها بارزانییەکان بەرگرییان لە کۆماری کوردستان کرد
عزەدین موستەفا رەسوڵ دەڵێت: بارزانییەکان چوونە ئێران و لەوێ رۆڵیان هەبوو لە کۆماری کوردستاندا، کە ئێران ئەو کاتە بڕیاریدا ئەو کۆمارە نەمێنێت، تاکە هێز کە بەرگریی کرد لەبەرەی سەقز، بارزانییەکان بوون.
ماڵی شێخ ئەحمەد ماڵی هەموو هەژار و نەدارێک بوو
حەمەدەمین هۆستانی پێشمەرگەی دێرین دەگێڕێتەوە و دەڵێت: جگەلە ماڵی خۆی، شێخ ئەحمەد تەکێی هەبوو، ماڵەکەی ماڵی هەژار و نەدارانی کوردستان بوو، هەر هەژارێک رووی کردبایە ماڵەکەی، شێخ ئەحمەد خۆی لێدەکرد بە خاوەن و سەرپەرشتی دەکرد، هەموو خواست و پێویستیەکی بۆ جێبەجێدەکرد، رووناکییەک لەو ماڵەوە خودا بە گەلی کوردستانی بەخشی کە شۆڕشێک لەنێو ماڵەکەوە دەستیپێکرد، ئەو شۆڕشە بووە رووناکی بۆ هەموو کوردستان هەتاوەکو ئێستاش.
مزگەوتی بارزان، لانکەی شۆڕشی بارزان
حەمەدەمین هۆستانی دەڵێت: مزگەوتی بارزان، شوێنی شۆڕشی بارزانە، شێخ ئەحمەد لەگەڵ خەڵکێک لێرە کۆدەبۆوە، دەڵێت: لێرە شۆڕش دەستیپێکرد.
لەسەردەمی رێبەرایەتی شێخ ئەحمەد، تەریقەتی بارزان چەند بڕیارێکی گرنگی بۆ ژیانی هاووڵاتیان دەرکرد وەک، قەدەغەکردنی راوکردنی ئاژەڵی کێوی و پاراستنی ژینگە، لەگەڵ رێگەگرتن لە بەزۆر بەشوودانی ئافرەتان و نەهێشتنی ژن بە ژن و شیربایی، جیاوازی نەکردن لەنێوان چین و توێژەکان و پێکەوە ژیان کە تاکو ئێستاش ئەو بڕیارانە لە ناوچەکەدا پەیڕەو دەکرێن.
حەمەدەمین هۆستانی دەڵێت: شێخ ئەحمەد بڕیاریدا، کچ بەزۆر بەشوو نەدرێت، ئەگەر بەزۆر بەشوو بدرێت، مارەیی نایێت، منداڵەکانی کە دەشیان بێت، دروست نیە، بۆیە خەڵکی بارزان لەسەر ئەو بڕیارەی شێخ ئەحمەد، وازیان لە بەزۆر بەشوودان هێنا.
کازم شانەدەری دەڵێت: شێخ ئەحمەد فەرمانی کرد، هیچ ئاژەڵێکی کیوی نەکوژن، چونکە بەر لە فەرمانەکانی ئەو، ئاژەڵی کێوی لە ناوچەکە دەکوژران، هاوکات فەرمانیکرد، داری بە بەر نەبڕدرێن، داوای ئەوەی لە میللەت کرد پێکەوە بن و لەگەڵ یەک هاوڕابن، هاوکاری یەکتر بکەن و وەک برا بەیەکەوە بژین، شێخ ئەحمەد هەر فەرمانێکی دەرکردبا، دەستبەجێ خەڵک جێبەجێی دەکرد.
شێخ ئەحمەدی بارزانی لە ساڵی 1969 لە تەمەنی 73 ساڵیدا بەنەخۆشی کۆچیی دوایی کرد.