لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 62 هەزار هاووڵاتی تورکیایان جێهێشتووە

تورکیا - ئەنقەرە
تورکیا - ئەنقەرە

K24 – ئەنقەرە:

بێکاری و قەیرانی ئابووری وایکردوە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ژیانێکی باشتر رووبکەنە وڵاتانی ئەوروپا و ئەڵمانیا بە تایبەتی، تەنیا لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 62 هەزار هاووڵاتی تورکیایان جێهێشووە.

بەپێی ئاماری فەرمانگەی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2023ـدا 62 هەزار و 624 هاووڵاتی تورکیا داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە، عەبدولقادر ئۆزاب، دوکاندار بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەرفەتێک هەبیت  بۆ ژیانێکی باشتر دەڕۆم، لێرە کار نییە، هەموو شت گرانە، هاوڕێکانم رۆیشتوون دەڵین لە دەرەوە ژیان زۆر باشترە.

هاوکات راشیگەیاند، "لە دەرەوەی وڵات ئۆتۆمبێلی جیاواز و جوانتر لێدەخوڕن، لیرە خراپترین ئۆتۆمبێل بە 200 تا 300 ملیپن لیرەیە، لێرە  10 ساڵ کار دەکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت ئۆتۆمبێل بکڕیت، بەڵام لە دەرەوەی وڵات زووتر بە خەونەکانت دەگەیت، تا ئێوارە لێرەین 10 کڕیار روومان تێدەکات ژیان خراپە و خەڵکیش دەروات".

حاجی ئیبراهیم ئاکبەنلی، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی گوت: بە داخەوە هاووڵاتییان بۆ ژیانێکی باشتر روودەکەنە ئەوروپا بەڵام لێرە ژیان زۆر خۆشترە، لێرە هەموو شتێک هەیە و هاووڵاتی دەتوانێت بە کیلۆ پێداویستییەکان بکڕێت، بەڵام لە ئەوروپا بە دانەیە بۆ نموونە یەک هەرمێ دەکڕن یان قاشێک شووتی، ئەوانەی وڵات جێدەهێڵن هەمیشە پەشیمان دەبنەوە.

قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و دانەمەزراندن ئەو هۆكارانەن کە گەنجەکانی تورکیای بێ هیوا کردووە لە وڵاتی خۆیان و بە ناچاری بۆ ژیانێکی خۆشتر روودەکەنە وڵاتانی دیکە و لەوێ بە شوێن خەونەکانیاندا دەگەڕێن، مووچەی کەم و سەختی ژیان هیوای بۆ گەنجەکان نەهێشتووەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەكان لە ساڵی 2023 زۆرترین ئەو پەنابەرانەی روویان له ئەوروپا و به تایبەت ئەڵمانیا كردووە هاووڵاتییانی توركیا بوون، قەیرانی ئابووریش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە بەشێکی بەرچاوی هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستانی ناچارکردووە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.