گەنجینەی ئەمەریکا دوو کۆمپانیا بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی حووسییەکان سزا دەدات

K24 – هەولێر:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دوو کۆمپانیای کەشتیوانی لە هۆنگ کۆنگ و ئیمارات بە تۆمەتی گواستنەوەی کاڵای ئێرانی سزا دەدات، هاوکات وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە، دوو کۆمپانیاکە لە رێگەی داهاتەکانیانەوە پاڵپشتی حووسییەکان و هێرشە بەردەوامەکانیان دەکەن بۆسەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
ئەمڕۆ هەینی (12ـی کانوونی دووەمی 2024) بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، دوو کۆمپانیا لە هۆنگ کۆنگ و ئیمارات کە پەیوەندییان بە فەیلەقی قودسەوە هەبووە سزادران، هاوکات ئەم دوو کۆمپانیایە لە رێگەی داهاتەکانیانەوە پاڵپشتی حووسییەکان و هێرشە بەردەوامەکانیان دەکەن بۆسەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
ئەم هەنگاوە دوای چەند کاتژمێرێک دێت کە هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشیان کردە سەر حووسییەکان، هەروەها ئەو دوو کۆمپانیایەی کە سزادراون بریتین لە کۆمپانیای سیلیۆ مێریتایم کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە و کۆمپانیای گڵۆباڵ تێک مارین سێرڤیس کە بنکەکەی لە ئیماراتە.
گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لەو کەشتییانە بەڵگەنامەی ساختەیان بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی ئێرانی ئەو کەلوپەلانە.
لای خۆیەوە برایان نیلسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ تیرۆر و هەواڵگری دارایی، رایگەیاند؛ ئەمەریکا بەردەوامە لە گرتنەبەری رێکاری توند بەرامبەر ئەو تۆڕە نایاساییانەی ئێران کە حووسییەکان پارەدار دەکەن و ئاسانکاری و بۆ هێرشەکانیان دەکەن.
ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، لەگەڵ هاوپەیمانانیان هەموو رێوشوێنێک دەگرنەبەر بۆ راگرتنی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی حووسییەکان و هەڕەشەکانیان بۆ سەر بازرگانی جیهانی.