هاتووچۆی هەولێر: کامێرای خاڵ بۆ خاڵ رووداوەکانی هاتووچۆی کەمکردووەتەوە

K24 - هەولێر
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند: کامێرای خاڵ بۆ خاڵ توانیوویەتی شەقامەکان رێکبخات و رووداوی هاتووچۆ کەمبکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2024، عەقید هێمن حەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "کامێرای خاڵ بۆ خاڵ توانیوویەتی دوو کاری سەرەکی بکات، یەکەمیان شەقامەکان رێکبخات، ئەوی دیکەشیان، رووداوی هاتووچۆ کەمبکاتەوە، هەروەها مەبەست له دانانی ئەو کامێرایە، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییانه".
راشیگەیاند: "دوای نۆژهنكردنهوه و دروستكردنی چهندین رێگاوبانی تازه، دەبینرا هاووڵاتییان به دروستی بهكاری ناهێنن و رێژهی مردن و برینداربوون بههۆی رووداوهكانی هاتووچۆ بهرز ببووەوە، بۆیه بیر لهوه كرایهوه كامێرای خاڵ بۆ خاڵ دابندرێت".
عەقید هێمن حەمەد، ئاشكراشیكرد: "لهو شوێنانهی كه كامێرای خاڵ بۆ خاڵ دانراوه، رووداوەکانی هاتووچۆ کەمبوونەتەوە و شوفێران له ئێستادا پابهندن به خێرایی دیاریكراوی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ".
پێشتریش هێمن میرانی، بهڕێوهبهری گشتی دیوان له وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان، به كوردستان24ی رایگهیاندبوو، كامێرای خاڵ بۆ خاڵ تا ساڵی 2030، رووداو و قوربانییهكانی هاتووچۆ به رێژهی 50% كهمدهكاتهوه.
کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە 21/10/2023 لە هەولێر خرایە کار بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی خێرایی هاتووچۆ.
ئا: لاڤین عومەر