دوو کارمەندی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە سۆماڵ بێسەروشوێنن

زیاتر لە دوو رۆژە، دوو کارمەندی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە کەناراوەکانی سۆماڵ بێسەروشوێنن
زیاتر لە دوو رۆژە، دوو کارمەندی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە کەناراوەکانی سۆماڵ بێسەروشوێنن

K24 - هەولێر

زیاتر لە دوو رۆژە، دوو کارمەندی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە کەناراوەکانی سۆماڵ بێسەروشوێنن. فەرماندەیی سەربازیی ئەو وڵاتەش دەڵێت، پڕۆسەی دۆزینەوەی دوو کارمەندەکە بەردەوامە.

سوپای ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوو کارمەندی هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، 11-01-2024، لە کاناراوەکانی سۆماڵ دیارنەماون و چارەنووسیان نادیارە.

لەلایەن خۆیەوە فەرماندەی سەربازیی ئەمەریکا ئەوەی خستووەتەڕوو، "پڕۆسەی گەڕان و رزگارکردنی هەردوو کارمەندەکەی هێزی دەریایی ئەمەریکا بەردەوامن. لەبەر هۆکاری ئەمنی، تاوەکو تەواوبوونی پڕۆسەکە؛ هیچ زانیارییەکی دیکە بڵاوناکەینەوە".

ئەو دوو کارمەندەی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریکا کە لە بەحرەین جێگیرکراوە و کەنداوی عەرەبی، دەریای سوور، کەنداوی عوممان و بەشێکی دەریای هیندی لەخۆ دەگرێت، کاردەکەن".

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند ساڵێکە سوپای ئەمەریکا بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەتی سۆماڵ، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو وڵاتە ئەنجام دەدات و لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا، بزووتنەوەی "شەباب"ـی ئیسلامی کە سەر بە رێکخراوی قاعیدەیە، دەکاتە ئامانج.

بزووتنەوەی "شەباب" 16 ساڵە لە دژی حکومەتی سۆماڵ شەڕ دەکات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو شەڕەدا پشتیوانی لە حکومەتی سۆماڵ دەکات. ئەمەریکاش لە ساڵی 2008ـیەوە بزووتنەوەکەی خسووەتە لیستی تیرۆرەوە.

ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی 2023، لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سۆماڵ ئەنجام درا، سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی "شەباب" کوژرا، کە گومانی لێ دەکرا ئەنجامدەری هێرشەکەی ساڵی 2020ـی سەر بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە کینیا بووبێت.

Fly Erbil Advertisment