عەبادی: دەبێت حکومەتی عێراق لە دابەشکردنی سامان و داهات دادپەروەر بێت

K24 - بەغدا

سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر دەڵێ: ئەرکی حکومەتی عێراقە پرسی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێر چارەسەر بکات. راشیگەیاند، داهات و سامانی عێراق بۆ تەواوی عێراقییەکانە و ناکرێت لەبەر دژایەتی لایەنێک، مووچەی مووچەخۆران نەنێریت و هاوڵاتییان باجی ململانێی سیاسی بدەن.

حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پرسی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر هەولێر پێویستی بەتێگەیشتنە و ئەرکی حکومەتی عێراقە رێکاری پێویست بگرێتەبەر و چارەسەری بکات، گوتیشی: ئەگەر حکومەت دەزانێت هێزێک هەیە و دژایەتی وڵاتەکەمان دەکات، دەبێت بیانکاتە دەرەوە.

سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر راشیگەیاند: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 2014 بۆ شەڕی دژی داعش هاتوونەتە عێراق، ئێستاش داعش لاوازە و ئەو توانایەی نەماوە، بۆیە پێویستە شێوازی مانەوەیان گۆڕانکاری بەسەردابێت.

دەربارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ ئاماژەی بەوەدا، سامانی عێراق بۆ هەموو عێراقییەکانە و ناکرێت جیاکاری بکرێت، جا دابەشکردنی مووچە بێت یان پرۆژە و کاری وەبەرهێنان، چونکە هاووڵاتیی پلە یەک و پلە دوو نییە، بۆیە دەبێت بەدادپەوەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو عێراقییەکاندا بکرێت، ناکرێت پارێزگایەک یان کەسێک لەگەڵتە مووچەی بۆ بنێردرێت، بە پێچەوانەشەوە یەکێکی دیکە دژت بێت مووچەی پێنەدەی، چونکە هاووڵاتییان تاوانیان نییە و نابێت باجی ململانێ سیاسییەکانیش بدەن.

Fly Erbil Advertisment