سکاڵایەکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی رەتکرایەوە

K24 – هەولێر:
لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لە دژی ناساندنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان بە نادەستووریی و نایاسایی رەتکردەوە.
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لەلایەن چوار کەسەوە سکاڵای ژمارە (270 / فیدراڵی / 2023) تۆمارکرا کە گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی نایاسایی و نادەستووریی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی پێکهێناوە، دادگای فیدراڵی ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە و لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هیچ پێشێلکارییەکی دەستووریی و یاسایی لە پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنانە نییە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی دادگای فیدراڵی ئەو کەسانەی سکاڵاکەیان لە دژی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە بریتین لە (رەعد رەفعە محەممەد، ئاکۆ محەممەد مەحموود، بەدەل عەبدولباقی ئەبابەکر و عەلی ئەحمەد بابان) و سکاڵاکەشیان لەسەر بنەمای یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە ژمارە (3)ـی ساڵی 2009 تۆمارکردووە.
هەروەها دادگای فیدراڵی جەختیکردووەتەوە کە پێکهێنانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێچەوانەی بڕگەی دووەمی ماددەی 13ـی دەستووری عێراق نییە کە لە ساڵی 2005 پەسەندکراوە.