بەهۆی 'نەپۆشینی حیجاب' سکاڵا لە دژی دوو رۆژنامەنووسی ئێرانی تۆماردەکرێت

وێنەی ئەو دوو رۆژنامەنووسە ئێرانییەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە
وێنەی ئەو دوو رۆژنامەنووسە ئێرانییەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە

K24 - هەولێر

رۆژێک دوای ئازادبوونیان، سکاڵایەکی نوێ لە دژی ئەو دوو رۆژنامەنووسە ئێرانییەی بۆ جاری یەکەم هەواڵی کوژرانی ژینا ئەمینییان بڵاوکردەوە، لە دادگای ئینقیلابی تاران تۆمارکرا.

هەردوو رۆژنامەنووسی ئێرانی نیلۆفەر حەمیدی (31 ساڵ) و ئیلاهە محەممەدی (36 ساڵ)، یەکەم کەس بوون لە مانگی ئەیلوولی 2022 هەواڵی کوژرانی ژینا ئەمینییان بڵاوکردەوە. چەند رۆژێک دواتر بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە و چەند تۆمتێکی دیکە؛ سزای چەندین ساڵ زیندانیکردنیان لە دادگای تاران بۆ دەرچوو.

هەردوو رۆژنامەنووسەکە ماوەی 17 مانگ بوو لە زینداندا بوون؛ رۆژی یەکشەممە، 14-01-2024، بە کەفالەتی 170 هەزار یۆرۆ بۆ هەر یەکەیان، بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کران. کەچی دوای ئەوەی ئازاد کران، وێنەی هەردوو رۆژنامەنووسەکە بەبێ پۆشینی حیجاب لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و کاردانەوەی لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15-01-2024، ماڵپەری "میزان ئۆنڵاین"ـی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردووەتەوە، سکاڵایەکی نوێ لە دژی ئەو دوو ژنە رۆژنامەنووسە بەهۆی "نەپۆشینی حیجاب" لە دادگای ئینقیلابی تاران تۆمارکراوە و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت.

ئەو دوو رۆژنامەنووسەیە بە شێوەیەکی کاتی ئازادکراون تا ئەو کاتەی دادگاییەکەیان لە دادگای تێهەڵچوونەوەی تاران بەڕێوەدەچێت. هەڵبەتە گەشتەکردن بۆ دەرەوە لە هەردوو رۆژنامەنووسەکە قەدەغەکراوە.

لە ساڵی 2023، سزای 12 ساڵ زیندانیکردن بە تۆمەتەکانی "پێدانی زانیاری بە ئەمەریکا، پیلانگێڕی دژی ئاسایشی وڵات و بانگەشەکردن لە دژی کۆماری ئێسلامی ئێران" بەسەر ئیلاهە محەممەدی، پەیامنێری رۆژنامەی "هام میهان"دا سەپێندرا.

نیلۆفەرحەمیدیش کە وێنەگری رۆژنامەی "شەرق"ـی ئێرانییە، سزای 13 زیندانیکردن بە تۆمەتی "پێدانی زانیاری بە ئەمەریکا، پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی وڵات و بانگەشەکردن لە دژی کۆماری ئێسلامی ئێران" بەسەریدا سەپێندرا.

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

بەهۆیەشەوە لەدوای مردنی ژینا ئەمینی خۆپیشاندان لەوڵاتە دەستی پێکرد، کەبووە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس، هەروەها دەستگیرکەدنی هەزاران کەسیشی لێکەوتەوە.