بن غه‌فیر بۆ ئیسرائیلییه‌كان: بایكۆتی كاڵای توركی بكه‌ن

K24 – هەولێر:
به‌هۆی هه‌ڵسوكه‌وتی یاریزانێكی ئیسرائیله‌وه، ناكۆكی ده‌كه‌وێته نێوان ته‌لئه‌ڤیڤ و ئه‌نقه‌ره، وه‌زیرێكی ئیسرائیلیش داوای بایكۆتكردنی كاڵای توركی ده‌كات.
دوای ئه‌وه‌ی یاریزان ساغێف یه‌هیزگیلی به ره‌چه‌ڵه‌ك ئیسرائیلی، كه له خوولی تۆپی پێی توركیا له یانه‌ی (ئه‌نتاڵیا سپۆرت) یاری ده‌كات، له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌ك و ئاهه‌نگی تۆماركردنی گۆڵێك له‌به‌رامبه‌ر یانه‌ی ترابزۆن، وێنه‌ی ئه‌ستێره‌ی داودی (كه به‌شێكه له ئاڵای ئیسرائیل) و هه‌روه‌ها نووسینی (100 رۆژ و 7ـی ئۆكتۆبه‌ر) له‌سه‌ر مه‌چه‌كی نمایش ده‌كات، به‌مهۆیه‌وه ئه‌نقه‌ره به‌تۆمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی رق و كینه ئه‌و یاریزانه‌ی ده‌ستگیركرد.
سه‌باره‌ت به‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ش، ئیتمار بن غه‌فیر وه‌زیری ئاسایشی ئیسرائیل هێرشیكرده‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا، به‌وه‌ی هه‌میشه دژی وڵاته‌كه‌ی كارده‌كه‌ن.
بن غه‌فیر رایگه‌یاند، داوا له هاووڵاتییانی ئیسرائیل ده‌كه‌م، سه‌ردانی توركیا نه‌كه‌ن و كاڵای ئه‌و وڵاته‌ش بایكۆت بكه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه میدیا ئیسرائیلییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، توركیا ئه‌و یاریزانه‌ی ئازادكرد، كه به‌تۆمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی رق و كینه ده‌ستگیری كردبوو و ئاماده‌كارییش ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه ئیسرائیل، چونكه به‌هۆی ئه‌و ره‌فتاره‌وه یانه‌ی (ئه‌نتاڵیا سپۆرت) دووری خسته‌وه.
ئه‌م كاره‌ی یاریزانه ئیسرائیلییه‌كه بووه هۆی تووڕه‌بوونی خه‌ڵكی توركیا و له‌مباره‌یه‌وه وه‌زیری دادی توركیا له رێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس نووسیوویه‌تی: "لێكۆڵینه‌وه له‌و كاره‌ی ساغێف یه‌هیزگیلی ده‌كرێت".