دڵشاد شەهاب بۆ کوردستان24: سبەی گفتوگۆ لەبارەی خشتەی نوێی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە.
رۆژی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندی ئەنجوومەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گەیشتنە هەولێر و سبەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی ناوخۆ و پەروەردە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە بە هەڵبژاردن کۆدەبنەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای ئەو نووسراوەیە کە پێشتر کۆمیسیۆن داوایکردووە وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە لە (25ـی کانوونی یەکەمی 2023) بودجەیان بۆ دابینکراوە و ناتوانن بۆ 25ـی شوباتی 2024 کە وادەی دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنەکە، ئامادەکارییەکانیان تەواو بکەن.
هەروەها گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەکەی سبەیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو خشتەیە دەکرێت کە کۆمیسیۆن ئامادەی دەکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەیەکی دیکە و دواتر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە مەرسومی هەرێمی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.
رۆژی (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بەپێی یاسا، بۆیە لە هەماهەنگیدا دەبین لەگەڵیان بۆ دیاریکردنی رۆژێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کە رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 12ـی كانوونی یهكهمی 2023ـی ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق بڕیاریدا به گواستنهوهی بڕی (43,769,149,000) دینار لە چوارچێوەی بودجەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و گواستنەوەی بڕی (25,460,851,000) دینار لە یەدەگی فریاگوزاری لە چوارچێوەی بودجەی تهرخانكراوی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بودجەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
رۆژی (27ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای فیدراڵی بۆ جاری حەوتەم بڕیاردانی لەبارەی ئەو دوو سکاڵایە دواخست بۆ رۆژی (21ـی کانوونی دووەمی 2024) لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، نوێنەری کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون و سکاڵاکانیش لەسەر ماددەکانی 1، 9، 15، 22 و 36 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان کە دژی ئەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێتەوە یاخود دابەش بکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.