لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران دەکەن
K24 - هەولێر
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە چەند پەیامێکی جیادا ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەن و داواکارن حکومەتی عێراق پابەندی پاراستنی سەروەریی و ئاسایشی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداری ئێران رایدەگەیەنێت، پەلاماردانی شوێنی ئاوەدانی هەڕەشەی جدین بۆ سەر سەروەریی عێراق و ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کە هەرێمێکی دانپێدانراوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا.
هەر لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا هاتووە، ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدرالییە، کە پێکهاتەیەکی ئیئتلافییە و پشتیوانی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەیە، هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ داکۆکی لەسەر سەروەری وڵات و ئاسایشی هاووڵاتییان و هەیبەتی نێودەوڵەتی وڵاتەکە بپارێزێت.
هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، لەکاتێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین و هاوبەشی خەمی بنەماڵەی قوربانیان و هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، داواکارین لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکگرتویی و یەکگوتاری کوردستانی و کاری پێکەوەییمان؛ وەڵامی ئەو مەترسی و ئاڵنگارییانە بدەینەوە، کە هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکەن.
هەر پەیوەست بەهێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرش و پەلاماردانە دەکات و ئاماژەیداوە، ئەمە یەکەمجار نیە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر پەلاماری دەوڵەتانی دراوسێ، بێگومان ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
هەروەها ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاندووە، سەرجەم هێرش و پەلاماردانێك رەتدەکەینەوە، كە سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق پێشێل دەکات، داواکاریشە رێكاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو هێرشانە و رێگری لە تێكچوونی ئارامی سیاسی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بکرێت.