سیئۆل سزای بەسەر چەند کەس و قەوارەیەکدا سەپاند کە پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمی پیۆنگ یانگەوە هەیە

کیم جۆنگ ئون
کیم جۆنگ ئون

K24 - هەولێر

کۆریای باشوور سزای بەسەر چەند کەس و قەوارەیەکدا سەپاند، کە دەڵێت پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوورەوە هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور، سەپاندنی سزای بەسەر دوو کەس و سێ قەوارە و 11 کەشتی کە پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆریای باکوورەوە هەیە راگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی کە لە لیستی رەشدان بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندییان بە قاچاخی نایاسایی وزەوە هەیە لە رێگەی دەریاوە.

لە بەرامبەر چەقبەستوویی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سیئۆل پشتی بە سەپاندنی سزا بەسەر پیۆنگیانگدا بەستووە بە شێوەیەکی سەربەخۆ یان بە هاوبەشی لەگەڵ واشنتن و تۆکیۆدا ئەمەش بۆ فشارخستنە سەر سەرچاوەکانی داراییە

توێژەرانی پرسی ئەتۆمی ژاپۆن و ئەمەریکا و کۆریای باشوور رۆژی پێنجشەممە لە سیئۆل کۆدەبنەوە.

راگەیاندنی ئەو سزایانە چەند رۆژێک دوای هەڵدانی مووشەکێکی نوێ دێت لەلایەن کۆریای باکوورەوە، کە خێراییەکەی لەسەرووی دەنگەوەیە.

کۆریای باشوور و ئەمەریکا ئیدانەی هەڵدانی ئەو مووشەکە نوێیەی کۆریای باکووریان کرد و رایانگەیاند، ئەوە پێشێلکردنێکی مەترسیداری بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

 

Fly Erbil Advertisment