عەدالەت عەبدوڵڵا: سکڵای عێراق بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر هێرشەکەی سەر هەولێر سەروەریی بۆ دەگەڕێنێتەوە
K24-هەولێر:
مامۆستایەک زانکۆ و شرۆڤەکارێکی سیاسی کوردستان لە سلێمانییەوە ئاماژە بەوە دەکات، عێراق بە بەرزکردنەوەی سکاڵایەک بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بەرامبەر هێرشەکەی سەر هەولێر، هەوڵدەدات سەروەرییەک بۆ وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە و هاووڵاتییانی خۆی بپارێزێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە(17ی کانوونی دووەمی 2024)،عەدالەت عەبدوڵڵا مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی لە سلێمانییەوە بە کوردستان24ی راگەیاند: وڵاتێک کە سەروەری پێشێل دەکرێت و لەلایەن وڵاتێکی دراوسێوە بە ئاشکرا پەلامار دەدرێت، لە رووی عورفی نێودەوڵەتیەوە پێویستە هەڵوێستی لەبارەوە وەربگرێت، چونکە ئەو هەڵوێستە دەچێتە چوارچێوەی نیشاندانی نیەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو رووداوە بەشێوەیەکی رژد، هاوکات گەیاندنی پەیامێکیشە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئەوەی روویداوە قەبوڵکراو نییە، هەرچەند لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی سەرزەنشت کرا، دەشڵێت: سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆڵێکی باش لە رووداوەکە دەگێڕێت، ئەو هەڵوێستەش کاریگەری خۆی دەبێت.
لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتی: عێراق سکاڵایەکی بەرز کردۆتەوە بۆ ئەو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان هەڵوێستی فەرمی خۆیان بەرامبەر هێرشکردنە سەر هەولێر راگەیاند، ئەو شرۆڤەکارە سیاسیە گەشبینی خۆی نیشاندا لەوەی، بەو سکاڵایەی کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، پاڵپشتییەک بۆ عێراق دروستدەکات کە لە قۆناغی ناسەقامگیری بێتە دەرەوە و جۆرێک لە پاڵپشتیی نوێ بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی وەکو دەوڵەتێک رێز لە سەروەری بگیرێت و هاووڵاتیەکانی پارێزراو بن.
لەبارەی تۆمەتەکانی ئێرانیش بۆ هەرێمی کوردستان کە مۆڵگەی سیخوڕی و مۆسادی ئیسرائیلی لێیە، عەدالەت عەبدوڵڵا گوتی: لەبارەی تۆمەتەکانی ئێران بۆ هەولێر، سەرۆکوەزیرانی عێراق تیمێکی ناردە هەولێر و لێکۆڵینەوەی وردیان لەبارەی ئەو تۆمەتانە کرد، بۆیان دەرکەوت کە ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە هیچ ژێر زەمین و بنکەیەکی سیخوڕی نییە، بەڵکو شوێنێکی خەڵکی سڤیلە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراقیش لەشوێنی رووداوەکە بۆ رۆژنامەنووسانی عێراق و جیهان رایگەیاند کە شوێنەکە، شوێنی خەڵکی سڤیلە نەوەک بنکەی سیخوڕی و مۆساد، ئەوە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە عێراق لایەنی پەیوەندیدارە بەو رووداوە، مافی هەیە لێکۆڵینەوە بکات و وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە رووبەرووی کراوەتەوە لەوەی بنکەی سیخوڕی لەسەر زەوی وڵاتەکەی هەبێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، سکاڵای عێراق پێوستی بە بەدواداچوون و جۆرێک لە لۆبی کردن هەیە، دەڵێت: ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش 15 وڵاتن، بەڵام پێنجیان ئەندامی هەمیشەیین، سێ لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە هەڵوێستی خۆیان بە روونی نیشانداوە و ناڕەزاییان دەربڕیوە، بەڵام رووسیا و چین هەڵوێستیان دیارینەکراوە تا ئێستا، بۆ 10 وڵاتەکەی دیکە کە ئەندامن لە ئەنجوومەنی ئاسایش پێویستمان بە لۆبی کردنە، کە رەنگە کاریگەری زۆری هەبێت.
لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر پاکستانیش لە یەک کاتتدا لەگەڵ هەولێر، عەدالەت عەبدوڵڵا گوتی: پاکستان هەڵوێستی توندی وەرگرت بەرامبەر ئەو هێرشەی ئێران کردیە سەر ئیسلام ئاباد کە خاوەنی سەروەری خۆیەتی، گوتی: ئەوە ژینگەیەی دروستبووە، پرسەکە زۆر دەباتە پێش بەرامبەر ئێران.