تەرمی سێ شاخەوانەكهی شاری نەغەدە دۆزرایهوه
K24 – هەولێر:
تەرمی ئهو سێ شاخەوانەی شاری نەغەدە دوای پێنج رۆژ له دیارنهمانیان لە بەرزاییەکانی رندۆڵەی شنۆ دۆزرانەوە.
ئهمڕۆ (چوارشهممه 17ـی كانوونی دووهمی 2024) تەرمی سێ شاخەوانەکەی شاری نەغەدە دوای پێنج رۆژ له دیارنهمانیان لە بەرزاییەکانی رندۆڵەی شنۆ دۆزرایەوە.
پێشتریش رۆژی ههینی رابردوو 11ـی كانوونی دووهم، هەر یەک لە محەممەد ڕۆیان، موحسێن عەزیزی و رەزا کایشی بەهۆی هەرەسی بەفرهوه دیار نەمان و تەرمەکانیان ئەمڕۆ دۆزرایەوە.
لە رۆژی هەینی رابردووەوە پێنج شاخەوان لە چیای رندۆڵە بێ سەرشوێن بوون، بەڵام دوای رزگارکردنی دوو لە شاخەوانەکان، چارهنووسی ئهو سێ نەزانرابوو.
لەلایەکی دیکەوە ئیرەج دەستنیشان، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبانەکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندبوو، لە ئاستی پارێزگاکەدا شاری شنۆ زۆرترین بەفری تێدا باریوە و بەهۆیەوە رێگەی 80 گوندی سنووری پارێزگاکە داخراون، کە زۆرینەیان دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی چاڵدێران.
هەروەها ئاژانسی ئیرنا بڵاویکردبووهوە، بەهۆی زۆری بەفربارینەوە لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن لە شنۆ کرابووه پشوو.
رۆژی 15ـی ئهم مانگه، عەلی تورابی، سەرۆکی شارەوانی شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی رایگەیاندبوو، هەڵمەتی گەڕان و رزگارکردنی سێ شاخەوان لە چیای رندۆڵە بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەواوە راگیراوە و تیمهكانیان كه 25 كهس بوون، بەهۆی کڕێوە و زریانەوە نەیانتوانی بوو پێشڕەوی بکەن.