سەرۆکی ئیستۆنیا: لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەماهەنگی باشمان لە بواری بەدجیتاڵیکردن هەیە

ئالار کارێس، سەرۆکی ئیستۆنیا
ئالار کارێس، سەرۆکی ئیستۆنیا

K24 - هەولێر:

سەرۆکی ئیستۆنیا، بە تووندی هێرشە تیرۆستییەکان بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکات. هاوکات دەڵێت: لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکی باشامان لە بواری بەدجیتاڵیکردن هەیە.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە (17ـی كانوونی دووه‌می 2024) ئالار کارێس، سەرۆکی ئیستۆنیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، "جێگای شانازیە یەکەم سەرۆکی ئیستۆنیام سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم، خۆشحاڵم کە لە نزیکەوە ئەو گۆڕانکارییە زۆر باشانە لە هەرێمی کوردستان دەبینم لەسەر ئاستی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی".

سەرۆکی ئیستۆنیا، دەڵێت: لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەماهەنگی باشمان هەیە لە بواری بە دیجیتاڵیکردن هەروەها هەماهەنگیمان هەیە لەبواری ئەمنی، "ئیستۆنیا بەردەوام کاری کردوو بۆ ئەوەی هاوکار بێت لە ئاسایشی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەربازەکانی ئێمە لە هەولێرن ئەوان سوپاسگوزاری میوانداری خەڵکی هەرێمی کوردستانن".

ئالار کارێس، گوتیشی: ئێمە لێرەین تا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بچێتە پێشەوە و زیاتر خۆشگوزەران و سەقامگیر بێت، ئێمە دەمانەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆمان بپارێزین.

سەرۆکی ئیستۆنیا، باسی لەوەشکرد، ئیستۆنیا بە هەموو شێوەیەک کردەوە تیرۆرستییەکان ئیدانە دەکات و بە توندی ئەو هێرشانەش ئیدانە دەکات کە دەکرێتە سەر هاوپەیمانی نیودەوڵەتی لە عێراق. هەروەها ناوبراو سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکانی هێرشەکەی سەر هەولێر کرد.

ئەمڕۆ چوارشەمممە (17ـی كانوونی دووه‌می 2024)، ئالار کارێس سەرۆکی ئیستۆنیا گەییشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لێکرا.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، سەرۆکی ئیستۆنیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە، پرسی سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆک بارزانی و ئالار کارێس، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیستۆنیایە، هاوکات پرسی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە دەبێت، چونکە ئیستۆنیا ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە دژی داعش، لە ساڵی 2014 لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، ئیستۆنیا یەکێک بووە لە ئەندامە کاراکانی ئەو هاوپەیمانیەتییە و هاوکاری پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردووە.

دوێنێ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، ئالار کارێس سەرۆکی ئیستۆنیا، بە یاوەری شاندێک گەیشتە بەغدا، لە دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆککۆمار و بەرپرسانی عێراق، جەختیان لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە کردەوە.

Fly Erbil Advertisment