فەڵەستینییەکان 10 هەزار دۆلار دەدەن تاوەکو غەززە جێبهێڵن

K24 - هەولێر

رەفعەت شەکشەک 10 هەزار دۆلاری داوە لە بەرامبەر دەرچوونی لە کەرتی غەززە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە باقی خێزانەکەیەوە بکات لە تورکیا، بەمەش هەر کەسێکی خەڵكی غەززە بیەوێت لە شەڕی ئەو کەرتە رزگاری بێت دەبێت ئەو بڕە پارەیەی هەبێت، ئەگەربێت و ئیسرائیل دژایەتی ئەمە نەکات.

رەفعەت شەکشەک، بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی راگەیاند، بەرلەوەی لەگەڵ کوڕە گەورەکەی بەرەو تورکیا بەرێککەوێت، سێ رۆژ لە میسر مایەوە، باسی لەوەشکرد، سەری سوڕماوە لەو بڕە پارانەی لێی داواکراوە بەمەبەستی ئاسانکاری گەشتەکەی، کە بۆ خۆیی و شەش کوڕەکەی نزیکەی 10 هەزار دۆلار بووە.

شەکشەک گوتیشی: لە راستیدا 16 هەزار دۆلاری داوە و ئینجا سەرکەوتوو بووە لە رۆشتن، کاتێک پرسیاری لەبارەی ئەو لایەنانە لیکرا کە ئەو بڕە پارانەیان وەرگرتووە، گوتی: ئەوان "کاریگەرن"، خۆیان لە هەر کێشەیەک بەدوور دەگرن. دەشڵێت: "بەڕاستی نازانم پارەکە بۆ کوێ دەڕوات، بەڵام ئەمە روویدا".

شەکشاک بەنیازە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێ بێت و ژیانێکی نوێ دەستپێبکات، ئەمەش دوای ئەوەی ماڵو موڵکەکەی لەدەستداوە، گوتیشی: "لە غەززە هیچ شتێک نەماوە جگە لە مردن و وێرانکاری".

ئەم بازرگانییە لەو کاتەوە لە غەززە دەستی پێکردووە، دوای ئەوەی دەروازەی رەفەح بۆ بریندارەکان و ئەوانەی دوو رەگەزنامەیان هەیە کرایەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بەهەمان رۆژنامەیان راگەیاندووە، ئەم کارە لەسەر بنەمای "دەڵاڵی" دەکرێت کە پەیوەندییان بە ناوەوە و دەرەوەی کەرتی غەززەوە هەیە، هەروەها پێدانی پارە ئەو بریندارانەی جەنگ ناگرێتەوە کە ناوەکانیان لە رێگەی وەزارەتی تەندروستیەوە پێشکەشی لایەنی میسری کراوە و کەوتوونەتە ژێر رەزامەندی ئیسرائیل.

وەک رۆژنامەکە باسی دەکاتی، گەشتیاران پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە نرخی هەر کەسێک لە نێوان شەش بۆ 10 هەزار دۆلاردایە.

"سێلین م"، دانیشتووی شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە رایگەیاند، شەش هەزار دۆلاری بە کەسێک داوە بۆ ئەوەی بیخاتە لیستی ئەو گەشتیارانەی کە هەماهەنگی دەکرێن، ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی رەزامەندی دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هاوسەرەکەیەوە بکات کە ماوەی چوار ساڵە لە ئیستانبوڵ دەژی. ئەو دەشڵێت: لە هەموو شەڕەکاندا "بازرگانانی جەنگ" هەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی بەسەر من و ئەوانی دیکەدا دێت بەشێکە لەو بازرگانییەی کە سەرکردەکانی جەنگییان لەسەر بنیات نراوە. ئەوان تەنها گرنگی بە پارە دەدەن نەک خوێن و ئازار و هەر شتێکی دیکەهەروەها نازانێت پارەکە بۆ کوێ دەڕوات.

بەرپرسێکی ئیدارەی دەروازەی رەفەح لە لایەنی فەڵەستینیەوە کە سەر بە حکومەتی حەماسە، رایگەیاندووە، رۆڵی ئەوان تەنیا خستنەڕووی لیستەکانە بۆ لایەنی میسری، ئەوکات دەمینێتەوە سەر ئەوان رازی بن یان نا.

سەرۆکی دەزگای ڕاگەیاندنی میسر، زیا رەشوان، چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند، کە هیچ بڕە پارەیەکی زیادە بەسەر گەشتی فەڵەستینییەکان نەسەپێنراوە، جەختی لەوە کردەوە، کە هیچ دەزگایەکی فەرمی یان نافەرمی لە میسر هیچ قەرەبوویەکی دارایی بۆ پەڕینەوە بۆ ناو خاکی میسر وەرناگرێت.

رەشوان دەشڵێت: "ئەوەی لە دەسەڵاتی فەرمی کۆدەکرێتەوە تەنها ئەو رسوماتانەیە کە بەپێی یاساکانی میسری رێکخستنی کارپێکردنی پەڕینەوەکە لەلایەن دەسەڵاتی دەروازەکان دیاری کراوە، و ئەوانیش جێگیرن و هیچ زیادبوونێک بەهیچ شێوەیەک نەکراوە.

رەشوان بانگەوازی بۆ فەلەستینییەکان کرد، ئەگەر لە دەروازەی ڕەفح ڕووبەڕووی ڕەشبگیری یان گوشار ببنەوە، لە هەر کەسێک کە قازانج لە دۆسیەکەیان دەکات، دەستبەجێ دەسەڵاتی ئەمنی میسری لە دەروازەکە ئاگادار بکەنەوە، ڕێوشوێنی یاسایی یەکلاکەرەوە و دەستبەجێ لە دژی ئەو راستیانە بگرنەبەر و ئەوانەی بەرپرسیارن لێیان. بەڵام فەلەستینییەکان ترسیان هەیە لەوەی کە ڕاپۆرتکردن وایان لێبکات دەرفەتی سەفەرکردنیان لەدەست بدەن و ئەوان پێیان باشە ئەو بڕە پارانە بدەن.