بزووتنەوەی گۆڕان دووەمین کۆنفڕانسی نیشتمانی خۆی دەبەستێت

K24 – سلێمانی:
رۆژی شەممە بزووتنەوەی گۆڕان دووەمین کۆنفڕانسی نیشتمانی خۆی دەبەستێت کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و بابەتی هەمواری دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەکە دەخرێتەڕوو.
رۆژی پێنجشەممە (18ـی کانوونی دووەمی 2024) یاسین حەمە عەلی، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی شەممە کاتژمێر 10 بزووتنەوەی گۆڕان، دووەمین کۆنفڕانسی نیشتمانی خۆی لەژێر ناونیشانی "گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان دەبەستێت".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد، لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا، سەرەتا رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و لیژنەی باڵای کۆنفرانس گوتاری خۆیان دەبێت دواتر کارەکانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانس دەدرێتە دەست لیژنەیەکی پێنچ کەسی و دواتر لیژنە تایبەتمەندەکان راپۆرتی خۆیان دەخوێننەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کاری جڤاتی نیشتمانی و ئەدای سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان و نوێنەرانی گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان و حکومەتە خۆجێیەکان دەکرێت.
یاسین حەمە عەلی لەبارەی کارەکانی کۆنفڕانسەکە زیاتر گوتی، بابەتی هەمواری دەستووریی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان دەخرێتە ئەجێندای کارەوە و کارەکانی کۆنفرانس لە ماوەی دوو رۆژدا تەواو دەکرێت، بۆ ئەم کۆنفرانسەش بزوتنەوەکە بانگهێشتی هیچ میوانێکی نێوخۆیی و دەرەکی نەکردووە.