كۆریای باكوور سیستەمی چەکی ئەتۆمی ژێرئاو تاقیده‌كاته‌وه

K24 - هەولێر:
كۆریای باكوور رایده‌گه‌یه‌نێت، "سیستەمی چەکی ئەتۆمی ژێر ئاو"ـی لە کاردانەوەی مانۆڕە دەریاییە هاوبەشەکانی نێوان واشنتۆن و سیئۆل و تۆکیۆ تاقیکردووه‌تەوە.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 19ـی كانوونی دووه‌می 2024) ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور رایگەیاند کە پیۆنگ یانگ "سیستەمی چەکی ئەتۆمی ژێر ئاو"ـی لە کاردانەوەی مانۆڕە دەریاییە هاوبەشەکانی نێوان واشنتۆن و سیئۆل و تۆکیۆ تاقیکردووه‌تەوە.
وەزارەتی بەرگری کۆریای باکوور له راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌م باره‌یه‌وه رایگەیاندووە، مانۆڕه سێقۆڵییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا، كۆریای باشوور و ژاپۆن ئەنجامدراون، "هەڕەشەی جددییان لەسەر ئاسایشی" کۆریای باکوور کردووە. لە بەرامبەردا پیۆنگ یانگ "تاقیکردنەوەیەکی گرنگی سیستەمی چەکی ئەتۆمی ژێر ئاوی (HIL-5-23)ـی ئەنجام دا کە لە دەریای کۆریای رۆژهەڵات پەرەی پێدەدرێت.
كۆریای باكوور سەرەتای ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو کە چەندین تاقیکردنەوەی لەسەر ژێردەریایییەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری توانای ئەتۆمی ئەنجام داوە، ئەمەش وایکردووە شرۆڤەکاران پرسیار بکەن کە ئایا ئه‌و وڵاته بەڕاستی خاوەنی چەکێکی لەو جۆرەیە یاخود نا؟
کۆریای باشوور و ئەمریکا و ژاپۆن مانۆڕی سەربازیی دەریایی هاوبەشیان لە دەریای دوورگەی جیجۆی باشوور ئەنجام دا و رایانگەیاند، ئه‌و مانۆڕه كاردانه‌وه‌یه له به‌رامبه‌ر هەڵدانی مووشەکی بالیستی له لایه‌ن كۆریای باكووره‌وه كه رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو ئه‌م مووشه‌كه‌ی هه‌ڵدابوو.