بازرگانێك: پێویستە ئێران رەچاوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات

سلێمانی
سلێمانی

K24 – سلێمانی:

یەکێک لەو شوێنانەى کە ئێران پەیوەندییەکى باشى بازرگانى لەگەڵى هەیە و لەرێگەى دەروازە سنوورییەکانەوە هەناردە و هاوردەى کاڵاى لێ دەکات هەرێمى کوردستانە، بەڵام بە گوتەى بازرگانان و چاودێرانى سیاسی ئێران هەندێک کات رەچاوى ئەو پەیوەندییە بازرگانییە پتەوەى ناکات لەگەڵ هەرێمى کوردستان و، پرسە سیاسیەکان تێکەڵ بە زۆر بابەتى دیکە دەکات کە ئەمەش زیانى زیاترى بۆ ئێران دەبێت.

فەرەیدون عەلى، بازرگان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، مەسەلەی بازرگانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئيران زۆربەی شتەکانی رۆژانە لە ئێرانەوە دێت یان لە تورکیا دێت چونکە شتی رۆژانە سەوزەوات و میوەجاتەکان دەبێت لە نزیکیترین وڵاتی دراوسێەوە بێت، ئێمە و ئێران دراوسێی یەکەین بەتایبەت ئەم دەڤەری سلێمانییە زۆربەی مامەڵەکان لە گەڵ ئێراندایە.

دابەزینى بەهاى تمەن لە رابردوودا وایکردووە کە نرخى هەندێک کاڵا لە ئێران دابەزێت، کە ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەى بازرگانان کاڵاى زیاتر لەو وڵاتە بکرن و ئەمەش ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى زیاتر کردووە.

ئاسۆ عەبدولەتیف، چاودێرى سیاسی، بە کوردستان24ـی گوت: "هەمیشە کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر مارکێتینگی هەڕەشەکان ژیاوە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ و بەرامبەر بەو وڵاتانەی بەسەرچاوەی ناسەقامگیری دەزانێت، خاڵە جەوهەرییەکە ئەوەیە ئەم هەڕەشانە کە بەم دواییانە کە لە رێگای درۆن و مووشەکەوە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستانی دەکات زیاتر بۆ هەڵمژینی توڕەیی شەقامی شیعە گەرییە لە ناوچەکە".

بە گوێرەی ئامارەکان ساڵانە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نيوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە نێوان شەش بۆ هەشت ملیار دۆلاردایە و بازرگانان دەڵێن %70 کاڵای نێو بازاڕەکان لەئێرانەوە هاوردە دەکرێن و بازرگانان و چاودێرانی سیاسی بە گرنگ و پێویستی دەزانن کە ئێران رەچاوی ئەو بازرگانییە بەھێزەی بکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment