داواکاری گشتی سویسرا: سکاڵا لەدژی سەرۆکی ئیسرائیل تۆمارکراوە

K24 - هەولێر
نووسینگەی داواکاری گشتی سویسرا ریایگەیاند، رۆژی هەینی سکاڵای تاوانکاری لە دژی ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل پێگەیشتووە، ئەمەش لە میانەی سەردانەکەیدا بووە لە کۆڕبەندی جیهانی داڤۆس.
داواکاری گشتی سویسرا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئێستا بە پێی رێکارە ئاساییەکان پشکنینی سکاڵا تاوانکارییەکان دەکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی پارێزبەندی ئەو کەسەی سکاڵاکەی لێکراوە.
داواکاری گشتی سویسرا باسی لەوە نەکردووە کە سکاڵا تایبەتەکان چین و کێ تۆماری کردووە.
بەیاننامەکەی ئەو کەسانەی لەپشت تۆمارکردنی سکاڵاکەن بەناونیشانی "کاری یاسایی دژی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی" دەڵێن: چەند کەسێک کە ناویان ئاشکرا نەکراوە لەلایەن داواکاری گشتی فیدراڵی و دەسەڵاتدارانی بازل و بێرن و زیوریخ تۆمەتبارکراون.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، داواکارانی گشتی داوای دادگاییکردنی تاوانکاری دەکەن کە هاوتەریبە لەگەڵ دۆسیەیەکی باشووری ئەفریقا بۆ دادگای نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی جینۆساید لە شەڕەکەی دژی کەرتی غەززەدا.
لە بەیاننامەکەدا باس لە پرسی پارێزبەندی کراوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە دەکرێت لە هەندێک بارودۆخدا هەڵبگیرێت، لەوانەش لە حاڵەتەکانی تاوانی گوماناوی دژی مرۆڤایەتی، یان ئەم مەرجانە لەم کەیسەدا جێبەجێ دەکرێن.
پێنجشەممەی رابردوو دانیشتنەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە لاهایە، لە دۆسیەی باشووری ئەفریقا لە دژی ئیسرائیل بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی "جینۆساید" لە کەرتی غەززە دەستیپێکرد.
لە یاداشتێکی 84 لاپەڕەیی، پارێزەران داوایان لە دادوەرەکان کرد کە فەرمان بە ئیسرائیل بدەن "دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە رابگرێت"، دەشڵێن: "ئیسرائیل بەشداری کردووە و مەترسی بەشداریکردنیش زیاتر لە کردەوەکانی جینۆسایددا هەیە".
تیمی یاسایی باشووری ئەفریقا رایانگەیاند، ئیسرائیل رێککەوتننامەی جینۆسایدی ساڵی 1948ـی پێشێل کردووە بەوەی "فەڵەستینییەکان بۆ هەر شوێنێک بچن بۆردومان دەکرێن، روو لەهەر شوێنێک بکەن دەکوژرێن"، و کردەوەکانی ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ نیازی ئەنجامدانی جینۆساید، ئەم مەبەستە رەگ و ریشەی لە باوەڕیدایە کە حەماس دوژمن نییە، بەڵکو پەیکەری ژیانی فەڵەستینییەکانە لە غەززە.